راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم هۆشداری له‌ سەرهەڵدانەوەی داعش دەدات

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە، ئەگەر حکوومەتەکانی ناوچەکە، کێشە سەرەکییەکان چارەسەر نەکەن، ئەوا داعش جارێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە.

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی روونیکردووەتەوە، کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش، ئامانجی سەرەکی شەڕەکە بوو، قوربانییەکی زۆریش لەم شەڕەدا درا، دەرەنجامەکانی شەڕەکەش لە عیراق و سوریا بەرچاون.

گوتیشی: “مانەوەی کێشە سیاسی و ئابوورییە سەرەکییەکانیش بەبێ چارەسەر، رێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش خۆش دەکات”.

مەسرور بارزانی، جەختی کردەوە داعش بریتی نییە لە بوونی هێزی چەکداری یان رووبەرێکی جوگرافی، بەڵکوو داعش ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتە و رێکخراوەکە توانیویەتی خۆی لەگەڵ شکستەکان رابهێنێت و لەو شوێنانەی تایفەگەریی تێدا زاڵە، دەستی بە هێرشی چەکداری کردووەتەوە.

مەسرور بارزانی دەشڵێت: “لە پارێزگاکانی باکووری عێراق لەو شوێنانەی لە دەستی داعش ئازاد کراون، شانە نووستووەکانی داعش بە تاکتیکی نوێ جارێکی دیکە سەریان هەڵداوەتەوە، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لە نێو خەڵکی”.

Back to top button