ماكرۆن كۆتای داعش واتا كۆتاهاتنی گەورەترین مەترسی بۆ سەر فەرەنسا

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات “هەسەده”‌ كۆتایی داعش و سەركەوتنی یەكجارەكی لە سووریا بەسەر داعشدا راگەیاند، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا دووپاتیكردەوە، “له ‌ناوبردنی داعش لە سووریا واتای نەمانی گەورەترین مەترسی لە سەر وڵاتەكەمان دەگەیەنێت”.

ماكرۆن لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: “هێزەكانی سووریای دیموكرات شكستی داعشی لە دوایین مۆڵگەی ئەو رێكخراوەی راگەیاند. دەستخۆشی لە هاوبەشەكانمان و سوپای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەم، كە فەرەنساش بەشێك لەو هاوپەیمانێتییە پێك دەهێنێت. لە پێناو پاراستنی ئاسیشمان، جەنگێكی توندیان لە دژی تیرۆریستان بەرپا كرد”.

ماكرۆن لە تویتێكی دیكەیدا جەختی كردەوە: “قوربانیانی دەستی داعش لەیاد ناكەین. ئەو قۆناغەی ئەمڕۆ پێی گەیشتین قۆناغێكی زۆر پێشكەوتووە، گەورەترین مەترسی سەر وڵاتەكەمان رەوایەوە. بەڵام هەڕەشەكان هێشتا ماون‌ و جەنگ لە دژی گروپە تیرۆریستییەكان بەردەوامە”.

ئەم تویتەی ماكرۆن دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات، هەسەدە، كە زۆربەی هێزەكانیان شەڕڤانی كوردن و لەلایەن ئەمەریكاوە پشتگیری دەكرێن، بە میوزیكی ئەی رەقیب سەركەوتنی یەكجارەكی بە سەر داعشدا لە دوا مۆڵگەی ئەو رێكخراوە لە شارەدێی باغۆزی سەر بە پارێزگای دێرزووری رۆژهەڵاتی سووریا راگەیاند.

 

Back to top button