گوتەكانی سەرۆك لە باشیك
زكری مووسا
وتارەكەی سەرۆك بارزانی لە باشیك لە 16ـی 11ـی 2016 ڕاگەیاندنی سەركەوتنی پێشمەرگە بوو لەدژی داعش و ئازادكردنی خاكی كوردستان بوو لە چنگی تیرۆریستان. باشیك دوایین خاڵی باشووری هەرێمی كوردستانە لەگەڵ پارێزگاكانی تری عێراق. لەوێ فرەلایەنیی ئایینی و نەتەوەیی هەیە، هەڵبژاردنی ئەو شوێنە جەختكردنەوە بوو لەوە كە هەرێمی كوردستان پارێزەری جیاوازییە ئایینی و نەتەوەییەكانە، دووپاتكردنەوە بوو لە درێژەپێدانی كولتوورێكی مرۆڤسالار كە ڕیشەی لە مێژووی دێرینی گەلی كوردستاندا هەیە، ئەوەیش لە ناوچەیەك كە بە ئاگری تاییفەگەری و شۆڤینییەت دەسووتێت.
خاكێك كە بەخوێن ڕزگار كراوە و پێشمەرگە گیانی خۆی بۆ فرەیی و پاراستنی بەهاكان بەخشیوە، مەحاڵە بكەوێتەوە بەر مشاری دانوساندن یان بەپێی دەستوور پێشێلكراوەكەی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. دەوڵەتی عێراق نەیتوانی گەلی كوردستان بپارێزێ لە هەڕەشەی تیرۆر بۆیە بۆیشی نییە قسە لەسەر خاكێك بكات كە پێشمەرگە خوێنی بۆ داوە.
ڕووی ئەم پەیامەی سەرۆك بۆ وڵاتانی دراوسێ و هاوپەیمانان و تاییفییەكانی بەغدایە كە هێشتا لە خەوی عێراقێكی یەكگرتووی و ناوەندیدان، عێراقی پێشوو سەرچاوەی كارەسات و شەڕ بووە و كوردستان نایەوێ ئەم ئەزموونە دووبارە بكاتەوە.
سەرۆك قسەی دڵی خەڵكی لێقەوماو پێكهاتەكانیشی كرد. هاودەستانی داعش و ئەوانەی یارمەتیی تیرۆریستانیان داوە چارەنووسی داعشیان دەبێت. ناكرێ بە بیانووی ئاساییبوونەوەی دۆخەكە و تەواوبوونی شەڕ یان تانەی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ داعشەكان بگەڕێنەوە ناوچە ئازادكراوەكان. داعش عەرەب بێت یان نەتەوەیەكی تر برینێكی ئەبەدی لە جەستەی دانیشتوانی ناوچەكە دروست كردووە كە ساڕێژ ناكرێت. داعشی نابێ لە زەمان و مەكاندا بمێنێت و ژیانی بۆ بڕەخسێتەوە چونكە بڕوای بە ژیان نییە.
وتەكەی سەرۆك لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێم دەربڕینی نائومێدییەكی قووڵ بوو بەرانبەر نوخبەی سیاسیی چەند حزبێك. لە دوو ساڵی شەڕی داعشدا ئەوان تۆزقاڵێك پاڵپشتی پێشمەرگە نەبوون و دژی سەربەخۆیی وەستانەوە. كاریان بۆ بڕینی بودجەی هەرێم كرد و شەڕی دەروونیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرپا كرد. پشتیان لە بەڵێنی پێكهێنانی كۆمیتەی سەربەخۆیی كرد و ڕێگەی قەیران و دوژمنایەتیان گرتەبەر، دەستیان لەگەڵ مالیكی تێكهەڵ كرد و هەوڵی جاشانەی بەستنەوەی كوردستان دەدەن بە عێراقێكی فاشیل. ئومێد و كاركردن لەگەڵ ئەو نوخبە زەلیلە كارێكی بێهوودەیە، ئەبێ پشت بە ئیرادەی گەل و پێشمەرگە ببەسترێت. هەر دەستكەوتێك هاتبێتە ئارا و هەر سەركەوتن و شانازییەكیش هەبووبێت لە دەرەوەی بازنەی ئەم نوخبەیە بەدی هاتووە.