ئومێد خۆشناو: هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەن بەبێ‌ یەكێتی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار نەكەنەوە، بەڵام ئەگەر هەر نەهاتن هەمواری یاساكە راناگرن

 

دوای ئەوەی پێشتر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند بوو كە دوای جەژنی نەورۆز پرۆژە یاسایی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەموار دەكەنەوە, سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵێكی خۆیان دەدەن بەبێ‌ یەكێتی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار نەكەنەوە، بەڵام ئەگەر هەر نەهاتن هەمواری یاساكە راناگرن.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، دواین هەوڵی خۆیان دەدەن بەبێ یەكێتی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەموارنەكرێتەوە، بەڵام ئەگەر هەر ئامادە نەبوون ئەوا كارەكانی هەمواركردنەوەی یاساكە راناگرن.

روونیشیكردووەتەوە، فراكسیۆنی پارتی پڕۆژە یاسایەكی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان داوە و بە هاوكاری لایەنەكانی دیكە سەرقاڵی كارەكانی هەمواركردنەوەی یاساكەن.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەش كردووە، تا ئەو كاتەی دەستوری هەرێمی كوردستان دەنووسرێتەوە، لە هەمواری یاساكەدا ئەو بڕەگەیە دەستكاری دەكرێت كە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، نەك لەلایەن خەڵكەوە.

ئەم وتانەی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كاتێكدایە، پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت پێش پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، لە رێگەی ئەو پڕۆژە یاسایەی ئامادەی كردووە، سەرۆكایەتی هەرێم كارا بكاتەوە و سەرۆكێكی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان هەڵببژێرێت.

روونیشیكردەوە: ئەگەر یەكێتییش سوربێت لەسەر ئەوەی بەشداریی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان نەكات، ئەوا پارتی كاردەكات بۆئەوەی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا، پرۆژە یاساكە پەسەندبكات.

Back to top button