پەرلەمانی عێراق پارێزگاری موسڵ و دوو جێگرەكەی لە سەر كار لادان
دوای ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە بارەی رووداوەكەی موسڵ كۆبوویەوە لە چوارچێوەی كاردانەوەكانی دوای ڕووداوەكەی مووسڵ، لەسەر پێشنیازی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پەرلەمانی عێراق پارێزگاری نەینەوای لە پۆستەكەی لادا.
پاش ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ئاداری ٢٠١٩، بەلەمێك لە سەر ڕووباری دیجلە لە مووسڵ ژێرئاو كەوت و نزیكەی ١٢٠ كەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە فەرمی پێشنیازی بۆ پەرلەمانی عێراق كرد، بەتۆمەتی كەمتەرخەمی و قۆستنەوەی پۆستەكەی و كەمتەرخەمی و بەهەدەردانی موڵكی گشتی، نۆفڵ حەمادی عاگوب، پارێزگاری نەینەوا لە پۆستەكەی لابدەن.
كەمێك لەمەوبەر پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێكیدا كە تایبەت بوو بە ڕووداوەكەی مووسڵ، بڕیاری لەكار لادانی نۆفڵ حەمادی لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا دەركرد.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانی عێراق شەش بڕیاری دەركرد بۆ باشكردنی دۆخی مووسڵ، لە گرنگترینیان، باشكردنی رەوشی خزمەتگوزاری و ئەمنی و چاودێریكردنی زیاتری ئەو شوێنانەی لە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاكاندان، هەروەها دوورخستنی بارەگا نایاساییەكان و ڕێكخستنەوەی هێزە ئەمنییەكان. جگە لەوەی بڕیار درا پارێزگاری نەینەوا دوور بخرێتەوە و ڕەوانەی دادگاش بكرێت بۆ لێكۆڵینەوە.
بڕیاری لادانی پارێزگاری نەینەوا لە پۆستەكەی بە پێی یاسا، بەسەر هەردوو جێگرەكەشیدا جێبەجێ دەبێت و ئەوانیش لە پۆستەكانیان لادران.