عەدنانی حەمەی مینا: ئەگەر یه‌كێتی بەشداری حکوومەت نه‌كات، خۆ دونیا وێران نابێت

 

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ یەکشەممە ٢٤ی ئاداری ٢٠١٩دا، لێکتێگەیشتنی باشیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەبووە. گومانیشی لەوە نییە کە ”دەسەڵات واتای پۆست“.

عەدنانی حەمەی مینا، لە چاوپێکەوتنێکیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی ئادار لە بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا) بڵاو کراوەتەوە، ڕای گەیاندووە، کۆبوونەوەی پێشوو تگەیشتنی باش ھەبوو، ”ئەم کۆبونەوەیەش ھەنگاوی زیاتر چووینە پێشەوە، بڕیار وایە لەم ڕۆژانەدا کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام بدەین”.

بە گوتەی عەدنانی حەمەی مینا، حزبەکەی داوای زیاتر لە مافی خۆی ناکات، بەڵام دەیەوێت ”بە ئەندازەی قەبارەی خۆی“ بەشداری لە دەسەڵاتدا بکات و بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، بەڵام ئەوەی ڕوون نەکردووەتەوە کە ئاخۆ ئەوان بەپێی ٢١ کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان قەبارەی حزبەکەیان دیاری دەکەن، یان پێوەری دیکەیان بۆ ئەو قەبارەیە هەیە.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە هێشتا ”نەگەیشتووینەتە“ ئەوەی پۆستەکان دیاری بکەن، بەڵام ”وەک دەزانرێت دەسەڵات واتای پۆست و بەشداری کردن لەھەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا، یەکێتی لە کۆبوونەوەی پێشووتریدا داواکارییەکانی خۆی بە شاندی پارتی داوە و دوێنێ شاندەکەی پارتی وەڵامی سەرکردایەتیی خۆیان ڕادەستی یەکێتی کردووە، ”ئێمەش وەڵامەکە لە سەرکردایەتیی خۆمان تاوتوێ دەکەین

ئەندامەکەی شاندی یەکێتی ئەگەری بەشدارینەکردنی حزبەکەشی لە حکوومەت خستووەتە ڕوو و دەڵێت: ”ئەگەر مەرجەکانی یەکێتی قەبووڵ کرا، بەشداری لە حکوومەت دەکەین، ئەگەر قەبووڵیش نەکرا، خۆ دونیا وێران نابێت”.

Back to top button