پارتی دواین وادەی بۆ پێكھێنانی حكومەت دیاریكرد

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەلێت:لە کۆتایی ئەم مانگەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لە کۆتایی مانگی داهاتووشدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێن.

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕایگەیاند، ”ئێمە کاری خۆمان دەکەین“ و لەلایەکەوە گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە ”خەریکی کاری خۆمانین بۆ پێکهێنانی حکوومەت“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ”تا ئاستی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و ڕاسپاردنی سەرۆکی حکوومەت دەڕۆین و کارەکانی پێکھێنانی حکوومەت راناوەستێتت“. دواتر لە ماوەی مانگێکدا سەرۆکی حکوومەت گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکات بۆ دیاریکردنی وەزیرەکان و ”پێک دێن“.

ئەندامەکەی سەرکرادیەتیی پارتی  ئاشکراشیکرد کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و هەر لەم مانگەدا، ”سەرۆکی هەرێم دادەنێین“ و لە کۆتایی مانگی داهاتووشدا ”سەرۆکی حکوومەت“ دادەنرێت.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، تائێستا پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ گۆڕان و لەگەڵ یەکێتیدا ڕێککەوتنی واژۆ کردووە، بەڵام هێشتا یەکێتی پێداگری لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی دیکە بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

Back to top button