لیوا عەبدولخالق: خاوەنی پاڵاوگه‌كان دەدرێنە دادگا و رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر

بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، هێزی هاوبەش بۆ لابردنی پاڵاوگە نایاساییەكان پێك دەهێنرێت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێریش رایدەگەیەنێت، پێشتر تەنها پاڵاوگەكان دادەخران، بەڵام ئێستا دوای داخستنیان، خاوەنی ئەو پاڵاوگانە دەدرێنە دادگا و رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

بەپێی نووسراوی ژمارە 5436ی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە 24-3-2019 دەرچووە، سێ هێزی هاوبەش لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك بۆ لابردنی پاڵاوگە نایاساییەكان پێك دەهێندرێن، هێزە هاوبەشەكانیش پێك دێن لە پۆلیس، پۆلیسی فریاكەوتن، پۆلیسی نەوت و گاز و زێرەڤانی.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، بۆ‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەو بڕیارە لە ساڵی 2018ـوە‌ دەرچووە، كە هەموو پاڵاوگە نایاساییەكان بە زووترین كات‌ دابخرێن، ئەوە بوو لە ساڵی 2018ـدا 51 پاڵاوگەی نایاسایی داخران، ئەوانەی كە ئێستاش ماون بە شێوەیەكی فەرمی داوایان لێ كراوە كە دابخرێن.

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم راشیدەگەیەنێت، كە سەرەرای ئاگاداركردنەوەی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بەڵام تاوەكو ئێستا پابەند نەبوون بە بڕیاری لابردنەكە.

تەڵعەت دووپاتیشی كردەوە: “ئەگەر بڕیارەكە جێبەجێ نەكەن، رێكاری یاسایی دەگرینە بەر، هەموویان دادەخەین و شوێنەكانیشیان لێ تێك دەدەین، چونكە پێشتر تەنها پاڵاوگەكان دادەخران، بەڵام ئێستا دوای داخستنیشیان، خاوەنی ئەو پاڵاوگانە دەدرێنە دادگا و رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر”.

جەختیشی لەوە كردەوە، كە لیژنەیان پێك هێناوە، ئەو لیژنەیەش سەرپەرشتیی داخستن و رێكارە یاساییەكان دەكات، كە پێك هاتووە لە پۆلیس، زێرەڤانی، ئاسایش، پۆلیسی فریاكەوتن و پۆلیسی نەوت و گاز.

Back to top button