بۆ ھەموار كردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی ھەرێم پارتی و گۆڕان كۆدەنگی دروست دەكەن
فراکسیۆنەكانی پارتی و گۆڕان ئاشکرای دەکەن هەوڵدەدەین، بۆ هەمواری پڕۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتی و فراکسیۆنەکانی دیکەش بگەینە رێککەوتن. فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، چاوەڕوانیمان بۆ لایەنەکانی دیکە درێژە ناکێشێت. فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت، چاوەرێی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی دەکەین. لیژنەی یاسایش روونکردنەوە لەسەر چۆنیەتی هەمواری پڕۆژە یاساکە دەدات.
لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنێکی گرنگ ئەنجام دەدات تەوەرەێکی گرنگی ئەو دانیشتنەش هەمواری پڕۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەبێت. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت “ئامادەکارییەکان بۆ هەموارکردنی پڕۆژە یاساكە تەواو بوون هەوڵدەدەین بەبێ یەکێتی پێشکەشی نەکەین، بەڵام کاتی زۆریشیان نادەینێ”.
خاڵێکی رێكکەوتنە سیاسییەکەی نێوان پارتی و گۆڕان هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێ ” گرنگە زۆربەی فراکسیۆنەکان بەشداری هەموارکردنەوەکە بکەن، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەکان بەردەوامن”.
گفتوگۆ بۆ بەشداریكردنی زۆربەی فراکسیۆنەکان بۆ هەمواری ئەو پڕۆژەیە دەستیپێکردووە فراکسیۆنی یەکێتی ئاشكرای دەكات، پڕۆژەمان هەیە بۆ بەشداری کردنی هەموارکردنەوەی ئەو پڕۆژە یاسایە، بەڵام چاوەرێی بڕیاری سەرکردایەتی حزب دەکەین”.
هەمواری پڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی ھەرێم به چەند قۆناخێکدا تێدەپەرێت دوای پێشکەشکردنی پڕۆژەكه لە ماوەی 48 كاتژمێردا، دەبێ پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکات و بۆ پەسەندکردنيشى پێوستی بە دەنگی زۆرینەی رەها هەیە کە 56 پەرلەمانتارە.