حكومەتی عێراق: كەمتەرخەمانی رووداوەكەی موسڵ سزا دەدرێن و قوربانیانیش قەرەبوو دەكرێنەوە
دوای ئەوەی بەهۆی رووداوی نقوم بوونی بەڵەمێكی گەشتیاری لە موسڵ زیاتر لە سەد كەس بوونە قوربانی, حكومەتی عێراق جگە لە لەكار دوور خستنەوەی پارێزگاری ئەو شارە و دوو جێگرەكەی, شانەیەكی تایبەت بە قەیرانەكانی موسڵ پێكهێناو هەر ئەمڕۆ سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای كرد. لەو سەردانەیدا، ژمارەیەك بڕیاری دەركرد.
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداری و سەربازی پارێزگای نەینەوا، موزاحم خەیات، سەرۆكی شانەی قەیران لە پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، ئەوان لێكۆڵینەوە لە رووداوی نقوومبوونی ئەو كەڵەكە دەكەن، كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە رووباری دیجلە نوقم بوو. بە هۆیەوە دەیان هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا.
گوتیشی: ئەوانەی كەمتەرخەم بوونە لە رووداوەكە سزاد دەدرێن. زیان لێكەوتووان قەرەبوو دەكرێنەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لە مووسڵ، كەڵەكێكی گەشتیاری، بە هۆی زۆری ژمارەی سەرنشینەكانی نوقم بوو. لەو رووداوەدا زیاتر لە 100 هاووڵاتی، كە ژمارەیەكیان منداڵ و ژن بوون گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیكە بێسەروشوێن بوون.