وەزارەتی ناوخۆ بەڵننامەی شوفێری نەكردنی تەكسی بەسەرجەم كارمەندانی سەر بە وەزارەتەكە پڕدەكاتەوە

 

دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری قەدەغەكردنی شوفێری تەكسی لە كارمەندانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ راگەیاند لە ئێستادا بەڵێننامەیەك بە سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەت پڕدەكرێتەوە، بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵەوە كاری شۆفێری تاكسی نەكەن.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تاوەكو رۆژی 1ـی 6ـی ئەمساڵ دەبێ سەرجەم فەرمانبەران ئەو فۆڕمە پڕبكەنەوە.

هەروەها سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، بڕیاری قەدەخەكردنی كاری شۆفێری تاكسی لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دەمێكە دەرچووە و گوتیشی “ئێستاش ئامادەكاری بۆ ئەو قەدەخەكردنە دەكرێت و بڕیارەكەش لە 1-6-2019ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێ ‌كردنەوە”

پێشتر بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە واژۆی كەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانی لەسەر بوو، كاری شۆفێری تاكسی لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ‌و كارمەندانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ‌و بەشێك لە فەرمانبەرانی دیكەی حكومەت قەدەخەكرا.
شایەنی باسە, بەپێی ناوەڕۆكی فۆڕمەكە، دەبێت هەموو هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كە بریتین لە: ئاسایش‌، پۆلیس، زێرەڤانی‌، بەرگری‌ و فریاكەوتن، رەگەزنامە، هاتووچۆ، پاسەوانی سنوور، گومرگ ‌و كارمەندانی میلاكی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە بەهیچ جۆرێك كاری شۆفێری تاكسی نەكەن.

هەروەها بڕیارەكە سەرجەم فەرمانبەرانی دیكەی حكومەتیش دەگرێتەوە (لە پلەی یەك تاوەكو پلەی شەش) و بەڵێننامەكە بە ئەوانیش پڕدەكرێتەوە.

Back to top button