دۆناڵد ترەمپ: دانی بە بەرزاییەكانی جۆلاندانا وەك بەشێك لە خاكی ئیسرائیل
دوای لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی توویتەرەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، كاتی ئەوە هاتووە ئەمریكا دان بەو ناوچانەدا بنێت وەك بەشێك لە خاكی ئیسرائیل, كەمێك بەر لە ئێستا لە ڕێوڕەسمێكدا سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری داننانی ئەمریكای بە سەروەریی ئیسرائیل لەسەر بەرزاییەكانی جۆلان بە فەرمیی واژۆكرد.
دۆناڵد ترەمپ، لە كۆشكی سپی و بە ئامادەبوونی بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل،بڕیارەكەی واژۆكرد و دواتریش ئەو پێنووسەی كە بڕیارەكەی پێ واژۆكردبوو، وەك دیاریی بەخشییە ناتەنیاهۆ.
ناتەنیاهۆ سوپاسی ترەمپی كرد بۆ پاڵپشتییەكانی لە ئیسرائیل، كشانەوە لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران، گوێزانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ ئورشەلیم-قودس و داننان بە سەروەریی ئیسرائیل بە سەر بەرزاییەكانی جۆلاندا.
لە ساڵی 1967ـەوە (شەڕی شەش رۆژە) بەشی رۆژئاوای بەرزاییەكانی جۆلان كە دوو لەسەر سێی هەموو ناوچەكە پێكدەهێنێت، لەلایەن ئیسرائیلەوە كۆنترۆڵكراوە و بەڕێوەدەبرێت. بەڵام بەشی سێیەمی، كە رۆژهەڵاتەكەیەتی، هەر لەژێر دەسەڵاتی سووریادایە.