هۆشیار عەبدولا: موچەی هەرێم پەیوەندی بە هەناردەكردنی نەوت و رادەستكردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم نیە
دوای ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كە مەترسی لەسەر موچەی فەرمانبەران هەیە ئەگەر هەرێم نەوت رادەستی عێراق نەكات, پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: “وەك چۆن لە بودجەی 2019 توانیمان موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە كێشەی نەوت لابدەین و جیای بكەینەوە، رۆژی دوو شەممەش توانیمان پشكی موچە لە كێشەی داهاتی ناوخۆی هەرێم لابدەین”.
هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە: “رۆژی 25-3-2019 لە كۆبونەوەی لیژنەی دارایی، جارێكی تر لەسەر پشكی هەرێم و هەوڵدان بۆ بڕینی ئەو پشكەی ئێستا دێت بۆ هەرێم لەگەڵ بەشێك لە پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی لێمان بو بە كێشە و گفتوگۆی توند، كێشەكە ئەوەیە بە گوێرەی رای سەرۆكی دەستەی مەرزەكانی عێراق كە لە 10ی ئازار بانگهێشتی لیژنەی دارایی كراوە، لە ئێستادا هەرێم پابەندبووە بە پێناسی یەكگرتووی گومرگی بەڵام داهاتەكەی ناگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی ئیتیحادی”.
باسی لەوەشكرد، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی ئەو راپۆرتەكرا كە بڕیارە لە دانیشتنی رۆژی پێنج شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران بخوێنرێتەوە و تیایدا چەند راسپاردەیەك جێگیر كراوە، یەكێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پێشنیاریكرد كە ئەگەر هەرێم پابەند نەبو بە گەڕاندنەوەی داهاتی ناوخۆ لە بەرامبەردا ئەو بڕە لە پشكی هەرێم ببردرێت، بەڵام ئێمە ئەندامە كوردەكان دژ بوین و وەڵامماندایەوە بەوەی، كە ئێمە دەزانین داهاتی ناوخۆ لە هەرێم گەندەڵی تێدایە، دەزانین كە پارەی داهاتی ناوخۆ ناگەرێتەوە بەڵكو بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمیش “كەمێكی نەبێت” ئەوەی تری ئەڕوات بۆ ئەحزاب، بەڵام بە هیچ جۆرێك قبوڵمان نیە باسی پشكی ئێستای هەرێم بكرێت كە بۆ مووچەی فەرمانبەرانە و ناكرێت بەغدا رێگەی دیكە شك نەبات و لە هەموو كێشەیەك تەنها پارەی فەرمانبەرانی بەدەستەوە بێت و هەڕەشەی بڕینی بكات، باسی لەوەشكرد، لە ئەنجامدا ئەمجارەش توانیمان كە موچەی فەرمانبەران لە كێشەی داهاتی ناوخۆش لابدەین وەك چۆن لە بودجەی 2019 لە كێشەی نەوت لاماندا، دواجار بە شێوازێك دەقەكە داڕێژرا كە دەست بۆ پشكی هەرێم لە موچەی فەرمانبەران نابرێت”.