باوەش بەم شێوەیە پەیوەندییەکان باشتر دەکات

بەپێی نوێترین توێژینەوەکان باوەش کاریگەرییەکی زۆر باشی هەیە لەسەر پەیوەندییەکان و یارمەتی باشترکردنی پەیوەندی نێوان کەسەکان دەدات بەتایبەت دوای دەمەقاڵێ یان شەڕکردن.

هەندێک جار تەنها باوەشێک هەموو شتێکە کە کەسێک پێویستی پێیەتی چونکە لەڕووی دەروونییەوە ئارامیت پێدەبەخشێت و ئاسوودە دەبیت و هۆرمۆنی خۆشەویستی لەلایەن مێشکەوە دەردەدرێت.

لەنوێترین توێژینەوەی زانکۆی کارنیج میلۆن لەسەر ٤٠٤ کەس کە بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ چاودێری کران و هەموو دۆخێکی خۆشی و تووڕەیی و میزاجی کەسەکان خرایە ژێر لێکۆڵینەوەوە، دەرەنجام ئەوە ئاشکرابوو کە ئەو کەسانەی باوەش بەیەکتردا دەکەن لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە تەندروستییان باشترە و پەیوەندی نێوانیشیان بەرەو باشتر دەڕوات چونکە لەدوای شەڕکردن باوەش بەیەکتردا دەکەن.

هەر لە میانەی توێژینەوەکەدا توێژەران پێیان وایە باوەش کردن ڕێگایەکی باشترە بۆئەوەی کەسێک هەست بکات دەبیسترێت و گوێی لێدەگیرێت گەرچی بە قسەکردنیش دەرینەبڕێت.

توێژەرێکی دەروونیش باس لەوە دەکات ئەو کەسانەی زیاتر بەرکەوتنی جەستەییان هەیە متمانەیەکی زیاتریان بەخۆیان هەیە و ئەوانەشی ئارەزووی بەرکەوتن ناکەن ئەوا ترس و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان زیاترە.

 

 

Back to top button