محەمەد شاكر: زەمالەی خوێندن بۆ قوتابیانی ھەرێم دابین دەكرێت

زەمالەی خوێندن بۆ قوتابیانی عێراق لە دەرەوە دابین دەكرێت و پەرلەمانتارێكی پارتییش، كە ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵایە دەڵێ، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق بەڵێنی داوە ١٧%ی ئەو زەمالەیە بۆ قوتابیانی ھەرێم بێت و دەرفەتی تایبەتیش بۆ كوڕ و كچانی شەھید ھەیە.

د. محەمەد شاكر، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی دا: “پێش چەند رۆژێك وەزیری خوێندنی باڵای حكوومەتی فیدڕاڵ بانگھێشتی پەرلەمان كرابوو لەبارەی زەمالەی خوێندن بۆ قوتابیانی عێراق لە دەرەوە، ئێمە پرسیاری ئەوەمان لێ كرد، كە مافی ھەرێمی كوردستانیش پێویستە زامن بكرێت، لە وەڵامدا وەزیری خوێندنی باڵای عێراق پێی راگەیاندین، ھەموو ئەو قوتابیانەی بۆ خوێندن دەچنە دەرەوە، ١٧%ی بەشی ھەرێمی كوردستان دەبێت”.

ئەندامەكەی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یاندووه‌: “بەپێی دەستوور و یاسا ئەوە مافی قوتابیانی ھەرێمی كوردستانە و وەزیریش بەڵێنی پێ داین، ئەوەی دیكە دەمێنێتەوە سەر جێبەجێكردنی، بەڵام ھێشتا دیار نییە ژمارەی ئەو قوتابیانە چەندە و چەند كورسیی خوێندن دابین دەكرێت بۆ عێراق، گرنگ ئەوەیە ژمارەیان چەند بێت، ئێمە بەشی ھەرێمی كوردستانمان دەوێت”.

دكتۆر محەمەد شاكر، زانیارییەكی دیكەشی لەبارەی دابینكردنی زەمالەی خوێندن ئاشكرا كرد و گوتی: “پەرلەمانتارانی عەرەب داوایان كرد پشكی كوڕ و كچی شەھیدانیش دابین بكرێت، لەوەشدا ئێمە داوامان كرد مافی كوڕ و كچی شەھیدانی ھەرێمی كوردستانیش نەفەوتێت و بڕیارە ژمارەیەك كوڕ و كچی شەھیدانی ھەرێمی كوردستان بۆ خوێندن رەوانەی دەرەوە بكرێن”.

 

 

Back to top button