ھەفتەی داھاتوو مووچە دابەشدەكرێت
پەڕلەمانتارێكی پارتی لە لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان لە زاری وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمەوە ئاشكرای دەكات، كە هەفتەی داهاتوو دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ی 2019 دەستپێدەكات و ڕەتیشی كردۆتەوە دوو مووچە خەرج بكرێت.
لیزا فەلەكەدین كاكەیی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بۆ (خواكوڕك) وتی، “ئەمڕۆ لە لیژنەی دارایی كۆبووینەوە و ڕێككەوتین، كە یەكەم كارمان لەدوای هەمواری پڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەست بە پڕۆژە یاسای چاكسازی بكەین”.
وتیشی، “هەر ئەمڕۆ وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم پێی ڕاگەیاندین، كە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ی 2019 دەكرێت”.
سەبارەت بە دەنگۆی پێدانی دوو مووچە یان مووچە و نیوێك بە فەرمانبەران ئاشكرای كرد، كە وەزیری دارایی جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە، كە دابەشكردنی مووچە بە بێ پاشەكەوت و وەك مانگەكانی پێشوو لەكاتی خۆیدا دەبێت و یەك مووچە دابەش دەكرێت.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی هەن لەبارەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن عیراقەوە، لیزا فەلەكەدین كاكەیی ڕایگەیاند، كە یاسای بودجە بۆ ساڵێكە و ناتوانن دەستكاری بكەن لەبەرئەوەی بودجە ساڵانەیە و هەمواركردنەوەی بۆ نییه و هیچ مەترسییەك لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان نییە.