شاندێكی ھەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا و گومانەكان دەڕەوێنێتەوە
پەرلەمانتارێك ئاشكرای دەكات، بڕیارە شاندێكی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گاز لە ھەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدا بكات و ئەو گومانانەش دەڕەوێننەوە، كە لەسەر نەھاتنی مووچە بڵاوكراونەتەوە.
ھێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: “بڕیارە بەم نزیكانە شاندێكی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گاز لە ھەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدا بكات و هیچ گومانێک لەسەر بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان نەهێڵێت”.
داواش لەو کەسانە دەکات، کە بەردەوام باس لە بڕینی بودجە دەکەن “ئەو قەوانە لە بەغدا لێ مەدەن و خەڵک مەترسێنن، چونکە لە یاسای بودجەدا ئەو مافەی کوردستان دراوە و پەیوەندی بە ناردنی نەوتەوە نییە”.
چەند رۆژێکە چەند کەسایەتییەکی سیاسیی کورد، باس لە بڕینی بودجە دەکەن و پێشتریش هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندام پەرلەمانی عێراق ئاشکرایان کردبوو، حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق هەڵمەتێکی بۆ تێکدانی پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و بڕینی بەشە بوجەی هەرێمی کوردستان دەست پێ کردووە.