جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوكات وەزیری دارایی: هیچ مەترسیەك لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نیە مووچە بەردەوام دەبێت
دوای ئەوەی یەكێتی لە رێگای پەرلەمانتارەكانی لە بەغدا و میدیاكانیەوە رایگەیاند كە ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی عێراق نەكات مەترسی لەسەر مووچە و بوودجەی هەرێمی كوردستان هەیە, لە بەرامبەردا وەزیری دارای عێراق رایدەگەیەنێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت.
فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی حكوومەتی عێراق، جەختی لەسەر بەردەوامیی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان كردەوە و رایگەیاند، ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت، ھیچ كێشەیەكی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر گفتوگۆیەكی لەسەر بكرێت؛ ئەوا شتێكی جیاوازە و ئەو مانایە ناگەیەنێت، كە بودجە نەنێردرێت.
هەر لەو بارەیەوە، بەشیر خەلیل حەدداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی بەردەوامبوونی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دا و گوتی: “بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان وەك ئەوەی بۆ هەر پارێزگایەكی دیكەی عێراق دەچێت، بەردەوام دەبێت و لە یاسای بوودجەدا چەسپاوە”.