بەھۆی پەكەكەوە ٦٥ گوندی سنووری مێرگەسۆر چۆڵكراون

قایمقامی شارۆچكەی مێرگەسۆر دەڵێ، تا ئێستا 65 گوندی سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆر بە هۆی هەبوونی پەكەكە و بۆردوومانی توركیاوە ئاوەدان نەكراونەتەوە، ئەگەر پەكەكە لەو ناوچانە نەمێنێت و توركیاش بۆردوومانی سنوورەكە نەكات، حكوومەت پلان و بەرنامەی تایبەتی بۆ ئەو ناوچانە دەبێت.

غەفوور ئەحمەد، قایمقامی شارۆچكەی مێرگەسۆر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “كێشەی پەكەكە و توركیا ڕەنگدانەوەیەكی زۆری بەسەر خەڵكی قەزای مێرگەسۆر هەیە و تا ئێستا 65 گوندی سنووری مێرگەسۆر بە هۆی هەبوونی پەكەكە و بۆردوومانی توركیاوە ئاوەدان نەكراونەتەوە، خەڵكی هەموو ئەو گوندانە ئاوارە بوونە، ئێستا لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان دەژین، هەر كاتێكیش ئەو كێشە و ئاڵۆزیانە نەمێنن، خەڵكی ئەو گوندانە دەگەڕێنەوە و دەست بە ژیانی نوێ دەكەن و بژێویی ژیانیان باشتر دەبێت، چونكە ئەو ناوچانەی كە چۆڵ كراون، ناوچەی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری و هەنگەوانین”.

ئەحمەد دەشڵێ: “ئەگەر پەكەكە لەو ناوچانە نەمێنێت و توركیاش بۆردوومانی ناوچەكە نەكات، حكوومەت پلان و بەرنامەی تایبەتی بۆ ئەو ناوچانە دەبێت، بە تایبەت لە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا”.

Back to top button