دەست بە دروستكردنی رێگای ھەولێر – دھۆك دەكرێت و رێگای ھەولێر – خەبات ـیش نۆژەن دەكرێتەوە

بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی ھەولێر دەڵێ، لە چەند ڕۆژی داھاتوو دەست بە دروستکردنی ڕێگای ھەولێر بۆ دھۆک دەکرێت و بڕیارە ھەفتەی داھاتووش ڕێگای ھەولێر بۆ خەبات نۆژەن بکرێتەوە.

ھونەر نووری، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوەی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “دروستکردنی ڕێگای ھەولێر بۆ دھۆک دوو بەشە، بەشێکی لە ڕێگەی پارێزگای ھەولێر دروست دەکرێت، کە لە ھەولێر تا سەر پردی کۆپاڵ دەڕوات و بەشەکەی دیکە لە پردی کۆپاڵەوە تا دھۆک لە لایەن پارێزگای دھۆکەوە دروست دەکرێت و ئەوەی ھەولێر گرووپی کۆمپانیاکانی ھێمن کارەکەی دەکەن و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بە دروستکردنی دەکرێت و لە سنووری دھۆکیش بە ھەمان شێوە دەست پێ دەکرێت.”

ھونەر نووری گوتیشی: “بڕیارە ئەو ڕێگایە بە شێوەیەکی زۆر باش دروست بکرێت و لە ماوەی دوو تا سێ ساڵیشدا ڕێگاکە تەواو بکرێت.”

نووری باسی لەوەش کرد: “بڕیارە ھەفتەی داھاتووش دەست بە نۆژەنکردنی ڕێگای ھەولێر بۆ خەبات بکرێت، چونکە ڕێگاکە تێک چووە و ئەم ھەفتەیەش بەھۆی ناجێگریی کەشوھەواوە نۆژن نەکرایەوە.”

Back to top button