پەرلەمانتارێكی كۆمەڵ: لێدوانەكانی پەرلەمانتارانی یەكێتی لە بەغدا بە درۆ دەخاتەوە دەڵێت دادگای فیدراڵی رایگەیاندووە عێراق ناتوانێت مووچە رابگرێت

 

دوای ئەوەی یەكێتی لە رێگای پەرلەمانتار و دەزگا میدیایەكانیان رایانگەیاند كە مەترسی لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەیە ئەگەر حكوومەت نەوت رادەستی عێراق نەكات, لە بەرامبەردا چەند پەرلەمانتارێكی عێراق و ئەندامێكی لێژنەی دارایی عێراق رایگەیاندووە:” بە پێی یاسا حكومەتی عێراق ناتوانێت مووچەی هاوڵاتیانی كوردستان رابگرێت”.

ئەحمەدی‌ حاجی‌ رەشید پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك وێنەیەكی خۆی لەگەڵ گوتەبێژی دادگای فیدراڵی بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی بۆ بەدواداچوون لەسەر مادەی‌ ١٣٠ی دەستوور كە تایبەتە بە پرسی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان، سەردانی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ كردووە.

ئاماژەی بەوە داوە كە سەردانەكەی بۆ مەبەستی دۆسیەی نەوتی و بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەگەڵ یاسای بودجەی فیدراڵییش بووە. سەبارەت بە مادەی ۱۳٠یش دەستووریش، بۆی دەركەوتووە كە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بە یاسا هەڵوەشاندنەوەی زەحمەتە.

هەروەها نووسیویەتی “دادگای فیدراڵی تەفسیری هیچ دەقێك ناكات كە لە یاسادا هاتبێت، بەڵكو تەنها تەفسیری تێكستی دەستووری دەكات، بۆیە یاسای بودجە وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت”.

Back to top button