شاندێکی باڵای دارایی وئابوری کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

 

بەمەبەستی بەرەو پێش بردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا شاندێکی باڵای ئابووریی کوردستان سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات و پەرلەمانتارێکیش ھۆکارەکەی روون دەکاتەوە.

 

ھێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، شاندەکە لە ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک دێت.

 

ھێڤیدار ئەحمەد ھەروەھا رایگەیاندووە، کە شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەغدا کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی پرسەکانی نەوت و بەشەبودجەی کوردستان دەکات.

 

جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، کە لێدوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە، ھەموو ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە، کە باس لە بڕینی بەشەبودجەی کودردستان دەکەن و بوونی ”سەنەدێکی یاسایی بەھێز“ی وەک یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩، کە ناتوانرێ ھەموار بکرێتەوە، وەک بەڵگەیەک بۆ قسەکانی دەھێنێتەوە.

 

ھێڤیدار ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ عادل عەبدولمەھدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێک کەوتوون و بەپێی ئەو رێککەوتنەش، بەغدا ”پابەندە“ بە ناردنی بەشەبودجەی کوردستان.

 

ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان ”ئەو گرووپەی لە بازنەی سەرۆک کۆماری عێراقدا دەسووڕێنەوە“ بە ھەوڵدان بۆ دروستکردنی کێشە بۆ بەشەبودجەی کوردستان، تۆمەتبار دەکات و رایگەیاندووە، ”بەداخەوە ئێستا زۆر لە دەوری محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەسووڕێنەوە بۆ ئەوەی وەک خۆیانی لێ بکەن“.

Back to top button