ئومێد خۆشناو: دوای هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی, پڕۆژە یاسایی چاكسازی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت
دوای ئەوەی پەرلەمان لێژنەهەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستانی هەڵبژاردن, ئێستا لێژنەی یاسایی پەرلەمان پڕۆژە یاسایی هەمواركردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی ئامادەكردووە, سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە بەم زووانە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار دەكرێتەوە.
ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەڕمیی پارتی راگەیاند ووە “سەبارەت بە نەهێشتنی خـانەنشینیی پلەباڵاكان و چاكسازی لە پەرلەمان و حكومەتدا، لە خولی رابردوو و ئێستاشدا فڕاكسیۆنی پارتی جەختی لەسەر كردووەتەوە و پـڕۆژەی بەهێـزیشی پێشكەش كردووە”.
ئومێد خۆشناو وتی: “بۆ نەهێشتنی خانەنشینیی پەرلەمانتاران و پلەباڵاكان و چـاكسازی لە پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمان، فراكسیۆنی پارتی بە هەموو شێوەیەك پشگیریی خۆی دووپات دەكاتەوە، هاوكات بـە پڕۆژەی گرنگ كار لەسەر ئەم پرسە دەكەین”.
وتیشی: “لە ئێستادا پڕۆژەی چاكسازی و خانەنشینیی پلەباڵاكان كۆدەنگیی زیاتری فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی لەسەرە، ئەمەش وادەكات پـرسی چاكسازی خێراتر و گرنگتر كاری لەسەر بكرێت”.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاشكراشیكرد كە “لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لە كۆبوونەوە و گفتوگۆداین و ئامادەكاری دەكرێت تا بەم زووانە دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، كارنامەی دانیشتنەكەش هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەبێت”.
هەرچەندە 178 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان تا ئێستا حكومەت پێكنەهێنراوە.
بۆ ئەوەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمیش پێكبێت پێویستە پەرلەمانی كوردستان یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكاتەوە بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێم دیاری بكرێت، تا كاندیدێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ رابسپێرێت.