سەرۆك بارزانی پێشوازی لە زانای كورد كۆچەر بیركار دەكات

ڕۆژی پێنج شەممە 28ـی 3ـی 2019 لە سەڵاحەدین، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە زانای كورد و خاوەنی مەدالیای فیڵدز، دكتۆر كۆچەر بیركار كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی دكتۆر كۆچەر بیركاری كرد و ڕایگەیاند كە كۆچەر بیركار جێگەی شانازییە بۆ هەموو تاكێكی كورد و هیوای خواست كە نموونەی وەك دكتۆر كۆچەر لەناو لاوانی كورد زیاتر بن. هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە دەستكەوتەكانی دكتۆر كۆچەر لە بواری زانستدا سەلمێنەری ئەوەیە كە ئەگەر لاوانی كورد دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ، وەك گەنجانی دیكەی جیهان دەتوانن لە بواری زانست و داهێناندا سەركەوتن بەدەست بهێنن.

هەر لەو دانیشتنەدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەكانی ئەو زانایەی گەلی كوردستان ڕاگەیاند لە یارمەتیدانی ئاستی زانستی و پێگەیاندنی قوتابیانی كوردستان و هیوای سەركەوتن و تەمەندرێژیی بۆ خواست.

Back to top button