پەیامی كۆسرەت رەسوڵ لە ساتەوەختی خیانەتی ١٦ـی ئۆكتۆبەر سوشیاڵ میدیایی تەنیوە

تەنیا پەیامەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ بۆ مێژوو بەسە، ھەڵمەتی كوردستانیانە وەك وەڵامێك بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆكی لەكار لادراوی پێشووی عێراق.

 

دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی لە كەناڵێكی تەلەڤزیۆنیدا بۆ سپیكردنەوەی رووی رەشی خیانەتكارانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر لێدوانێكی دا، چاڵاكوانان و نووسەرە نیشتیمانیەكانی كوردستان لە توڕی كۆمەلایەتی فەریسبووك دەقی پەیامی كوسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی -یان وەك بەلگەی حاشا ھەڵنەگر بۆ خیانەتی گرۆپێكی ناو یەكێتی بڵاوكردەوە، بەجورێك پەیامەكە سەراپای سوشیاڵ میدیایی گرتووتەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامی كوسرەت رەسوڵ -ـە لە دوای خیانەتی ١٦ـی ئۆكتۆبەر

پەیامێک لە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان

جەماوەری دڵسۆز و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
پێشمەرگە ئازا و گیان لەسەردەستی کوردایەتی
لای ھەمووان ئاشکرایە کە کوانووی خەباتی گەلەکەمان لە مێژووی دەیان ساڵەی تەمەنیدا لەپێناوی دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد و شەرەفمەندانە، بە بەردەوامی بڵێسەی سەندووە و نەوە لە دوای نەوە پەیامی پیرۆزی خۆی گەیاندووە، ھەتا ئەمڕۆ کە گەیەندراوەتە دەستی ئێمە، لەو پێناوەشدا چەندین سەرکردەی جوامێر و دەیان ھەزار لاو و مێرخاس خۆی کردۆتە قوربانی و بە سەربەرزییەوە لاپەڕەکانی مێژووی پێ نەخشاندووە. تا ئەو ئاستەی ئەوە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە گەلی کوردستان لەجیاتی ھەموو ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی دونیا، لە بەرامبەر دڕندەترین گروپی تیرۆریستی وەستایەوە و ھەرەسی بەو پلانە گڵاوەیان ھێنا، کە دەتوانن ڕەوڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بوەستێنن و بمانگێڕنەوە بۆ چاخی بەردین وسەردەمانی جاھیلیەت. ئێستا لە کاتێکدا کە ناو و ناوبانگی جوامێرانەی پێشمەرگەی کوردستان بە جوانی لە گوێی تەواوی مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازانی دونیا دەزرنگێتەوە و کەسانێک نەماون لەم جیھانە بەرینەدا ناوی پیرۆزی پێشمەرگەیان لەسەر زار نەبێت، لە پاداشتی ئەوەدا گەلی کوردستان لە چاوەڕوانی ئەوەدابوو کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دۆست و ھاوپەیمانەکانمان لە جیھان و ناوچەکە، بۆ بونیادنانی ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانی داھاتوومان، گوێمان لێبگرن و ڕێز لە ئیرادەی میللەتەکەمان بگرن، بەڵام مەخابن لە بری ئەوە ڕووبەڕووی گەلەکۆمەیەکی ھەمەلایەنەیان کردینەوە و جارێکی تریش ئەو ڕاستیەیان سەلماندەوە کە ( نەتەوەی کورد بێجگە لە چیاکانی خۆی، ھیچ دۆستێکی تری نییە)، بە جێھێشتنی گەلەکەمان بە تەنھا لەبەردەم ھێرش و پەلاماردانەکانی میلیشیای حەشدی شەعبی و یەکەکانی سوپای عێراق و ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابووردوو لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی تر و قەتلوعامکردنی ھاووڵاتییانی کورد لە شاری دوزخورماتوو و جێگاکانی تر و دەرکردنیان و سووتاندنی ماڵ وحاڵیان و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانیان، بێجگە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەنفالێکی تری کورد لەسەر زێدی باب و باپیری خۆی، ھیچ خوێندنەوەیەکی تر ھەڵناگرێت.
بەڵام ئەوەی زیاتر برینەکە بە سوێ دەکات ئەوەیە، کە چەند کەسێکی لادەر لە ڕێبازی یەکێتی، بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتیی حیزبەکەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستکەوتێکی کاتی و شەخسی، دەبنە ھاوکار و دەستکێشی داگیرکەران و بەم کارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی گەلەکەمانەوە.
دڵسۆزان و غەمخۆرانی کوردایەتی
ئێمە وەک خۆمان بە شاھیدی ھەموو لایەک، لەوەی ھێزمان بەسەریدا شکا و لەدەستمانھات بۆ پاراستنی سەر و ماڵی ھاووڵاتییان و خاکی پیرۆزی کوردستان لە کەرکوک و جێگاکانی تر و بە ئامانجی لەدەستنەدانی دەستکەوتە ستراتیژییەکانی گەلەکەمان، ئەنجاممان داو درێغیمان نەکرد، بەڵام دیارە سەرەڕای گەلەکۆمەکێی دەوروبەر، نابەرابەری لە ھێز و دڕندەیی شێوازی لەشکرکێشیەکە لە پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانەی دەستە ڕەشەکانی ناوخۆ، کە بوو بە ھۆکاری چۆڵکردنی بەشێکی کاریگەر لە سەنگەرەکان و چۆڵکردنی پشتی ھێزەکان بە قازانجی دوژمن، کارێکی وایکرد کە ئەمجارەش ڕووداوەکان بە قازانجی گەلەکەمان و بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانمان نەشکێتەوە و بەشێکی گرنگ لە دەستکەوتە بەدیھاتووەکانی گەلی کورد لەدەست بچێت.
سەرباری ھەموو ئەوانەش، ئەگەرچی زیانەکان لە ڕووی لەدەستدانی دەستکەوتی نەتەوەییەوە لە ئێستادا زۆر گەورەن و ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و دوز و ھەموو زیانە گیانی و ماددی و مەعنەوییەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی، بەڵام پێمانوایە کە ئەمە کۆتایی ڕێگا نییە و ئیرادەی ئازادیخوازانەی کورد لەگەڵ ئەم جۆرە کەوتنانە دەست و پەنجەی نەرمبووە. بۆیە ھەڵسانەوە و چوونەوە پێش کارێکی زەحمەت نییە، ئێمەش بۆ ئەو ئامانجە ھەمیشە پێشمەرگەی بە وەفای ڕێبازی شەھیدانین و ورەمان ورەی ڕۆژگارە سەختەکانی خەباتە و لەھەر کاتێکی تر، جەسوورانەتر و دڵسۆزانە تر و بە بیر و ھۆشێکی کراوەترەوە، شان دەدەینە بەر ئەو ئەرکە مێژووییەی کە خەباتی گەلەکەمان و خوێنی بەناھەق ڕژاوی شەھیدەکانمان پێیان سپاردووین.
لێرەشەوە بانگەشەی تەواوی ھێزو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەم، ھەرچی زووە ھیممەت بکەین و ناوماڵی خۆمان ڕێک بخەینەوە و عیبرەت لە ڕووداوەکان وەربگرین، یەکڕیزی گەلەکەمان بپارێزین و تۆکمەی بکەین، چونکە تەنھا و تەنھا ئەوە تاکە ڕێگای ھێزدانەبەری خەبات و کوردایەتییە.
دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان
بژی کورد، بژی کوردستان

کۆسرەت رەسول عەلی
جێگری سکرتێری گشتیی
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
١٨/١٠/٢٠١٧

Back to top button