ناسر ھەركی: ھیچ كێشەیەك لەبەردەم ناردنی مووچەدا نیە
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بەدواداچوونیان بۆ مووچەی پێشمەرگە كردووە و ئەوانیش باسیان لەوە كردووە، كە ھیچ كێشەیەك بۆ ناردنی مووچە نییە و تەنھا ھەندێك رێكاری تەكنیكی ماون و ئەم ھەفتەیە چارە دەكرێن، بۆیە لە رۆژانی داھاتوودا مووچەی پێشمەرگە رەوانە دەكەن.
ناسر ھەركی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “ناردنی مووچەی ھێزی پێشمەرگە لە لایەن بەغداوە ھیچ كێشەیەكی یاسایی نییە و تەنھا ھەندێك رێكاری تەكنیكی ماون، چونكە من خۆم قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق كردووە و ئەویش باسی لەوە كرد، كە لەم ھەفتەیەدا رێكارەكان تەواو دەكرێن و لە رۆژانی داھاتوودا دەست بە خەرجكردنی مووچەی پێشمەرگە دەكرێت”.
ھەركی گوتیشی: “بەڕێوەبەری گشتیی بودجەی وەزارەتی بەرگری، باسی لەوەش كرد، كە مووچەی پێشمەرگە لێرەوە خەرج دەكرێت یاخود رەوانەی ھەرێمی كوردستانی دەكەین، بەڵام چاوەڕێ دەكەین رێكارەكان تەواو بكەین”.
دەشڵێ، بەپێی یاسای بودجە، پێویستە حكوومەتی عێراق لە مانگی یەكەوە مووچەی ھێزی پێشمەرگە رەوانە بكات، كە دەكاتە مووچەی سێ مانگ.