پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی وادەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی ئاشكرا كرد
بڕیارە ڕۆژی شەممه داهاتوو پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و بەفەرمی بەرنامەی كاری ئەو كۆبوونەوەی ئاشكرا كرد كە گفتوگۆكردن لەسەر كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پەسەندكردنی پڕۆژە پێشنیازكراو بۆ ئەو مەبەستە لەبەرنامەی كاردایە.
ماڵپەڕی پەرلەمانی كوردستان بڵاو كردەوە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە سێی ئاساییی رۆژی شەمووی داهاتوو رێكەوتی 2019/3/30ی راگەیاند كە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
بەپێی حوكمی بڕگە (یەكەم و دووەم و سێیەم) لە مادەی (16) و برگەی (سَییەم) لە مادەی (18) و مادەكانی (47 و 48 و54) لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاریدا بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە سێی ئاسایی خولی بەهارە، ساڵی یەكەم لە خولــی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە سەعات سێی پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممه بەرێوە بچێت.
یەكەم: خوێندنەوەی یەكەمی (پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ـ عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستوور) بەپێی حوكمی مادەكانی (79 و 80) لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
شوان كهریم زراری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە (خواكورك) ـی ڕاگەیاندبوو، سێ جار خوێندنەوە بۆ پڕۆژەكە دەكرێ و دواتر بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند دەكرێ. هاوكات دووپاتی لەوە كردەوە كە پارتی و گۆڕان لەگەڵ پەسەندكردنی یاساكەن.
ڕوونیشی كردەوە كە داوا دەكەن پڕۆژەكە كۆ دەنگی نێوان لایەنە سیاسییەكانی لەسەر بێت، چونكە پڕۆژەكە بەزۆرینەی دەنگ پەسەند دەكرێ.
پەرلەمانتارەكەی پارتی دووپاتی لەوە كردەوە كە هەفتەی داهاتوو دەردەكەوێ كە چ كاتێك دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەتەواوی كارا دەكرێتەوە.
هەر ئەمڕۆیش ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی و عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان دووپاتیان لەوە كردەوە كە بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كارا دەكرێتەوە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵدەبژێردرێ.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی كوردستان مەسروور بارزانییە ڕادەسپێردرێ بۆ پێكهێنانی حكوومەت و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست بەكارەكانی دەكات.