“كار لەسەر ماستەرپلانی ھەولێر دەكریت”
پـارێـزگاری هەولێر دەڵێ، کار لەسەر مـاستەرپلانی شاری هەولێر دەکەین، پلانی گرینگمان دەست نیشان کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شاری هەولێر بخرێنەوە کار، پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دەداتە خاوەن خانووەکانی گوندی کۆری مافیـان پارێزاو دەبێت.
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “پلانی ستراتیجیی گرینگمان دەست نیشان کردووە بۆ ئەوەی لە سنووری پارێزگای هەولێر پڕۆژە گرینگ و خزمەتگوزارییەکان بخرێنەوە کار، لەهەوڵداین کارنامەی ماستەرپلانی هەولێـر وەگەڕ بخەینەوە و پرۆژەکان بەپێی ماستەرپلانی ھەولێر جێبەجێ بکەین، بە داهاتی ناوخۆییش لە هاتوچۆ و باج و دەرامەتی دیکە، پڕۆژە بچووک و مام ناوەندییەکان جێبەجێ بکەین. بۆ بەئەنجامگەیاندنی پڕۆژەی گەورە و بەهێـزیش پێـویستمان بە هاوکاری و بوودجەی ئەنـجومەنی وەزیـران هەیە.”
نەوزاد هـادی دەشڵێ: “لەدوای بڕینی بەشەبوودجەی پەرەپێدانی پارێـزگاکان لە لایەن بەغداوە لە ساڵی 2014وە، سەرجەم پڕۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکان وەستێندرابوون، ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بەشەبوودجەی پەرەپێدانی پارێـزگاکان بگەڕێندرێتەوە.”
پارێزگاری هەولێر ئاماژەیشی دا: “لە ڕابردوو بەهۆی قەیرانی دارایی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی تەقەشوفی لە سەرجەم دامودەزگا حکوومی و پاریزگاکان پەیڕەو کرد، بەڵام خۆشبەختانە دوای کۆتاییهاتنی ئەم قەیرانە هەوڵ دەدرێـت ئەو پڕۆژانەی کە وەستابوون لە ڕێگاوبان و تونێڵەکان و ئاو و ئاوەڕۆ و چەندین پڕۆژەی خزمەتگوراریی دیکە بۆ هاووڵاتیان، بە پشتیوانیی ئەنجومەنی وەزیران و بە هەماهەنگیی وەزارتە پەیوەندیدارەکان کاریان لەسەر بکرێت و بخرێنەوە کار.”
ڕوونیشی کردەوە کە پڕۆژە گەورەکانی وەک شەقامی 120 مەتری و 150 مەتریش کە پرۆژەی گرنگ و ستراتیژین بە ھەمان شێوە بە پشتگیریی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان ئەنـجام دەدرێـت، پـڕۆژەی گوندی کۆری کە پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت بوو، ئێستا لە دەستەی وەبەرھێنان پرسی ئەو پرۆژە وا چارەسەر دەکرێت و مافی ھاووڵاتیانی پارێزراو دەبێت.”