لەیادكردنی بەهاكان و هەلی كاریش
یەكێتی هەرچییەك بكات ناتوانێ خۆی لە ناپاكییە گەورەكەی شازدەی ئۆكتۆبەر بدزێتەوە. پیر و جوان، گەورە و بچووك، داروبەردی كوردستان دەزانن ئەوان بوون غرووری میلەتەكەیان شكاند. ئەوان بەرپرسیارێتیی بڕینی قووتی میلەتیشیان لەسەر شانە. سەركردە عێراقچییەكانیان هانی مالكیان دا رزقی خەڵكی كوردستان ببڕن. ئەوان تەزویرێكی بەرفراوانیشیان لە هەردوو هەڵبژاردن ئەنجام دا. ئەوان بە فرتوفێڵ ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریشیان لەدەست كورد دەرهێنا. ئەوان زۆر شتی تریان كردووە….
هیچ یەك لەو كردەوانەیان پاساوی نیشتیمانی و ئینسانی و دیموكراتیانە هەڵناگرن، نابەرپرسیارانە و سەرشێتانەن. ئەوان بە بیانووی شەراكەتی ڕاستەقینە حەفت مانگە پڕۆسەی سیاسییان پەك خستووە. دەڵێن چەك و جیۆگرافیا و پێگەی ئیقلیمیمان هەیە، بۆیە ئەگەر یەك كورسیش بێنین هەر دەبێ لە هەموو شتێكدا شەریك بین.
لە هیچ وێستگە و دانوساندنێكدا باسی پڕەنسیب ناكەن، تەنیا دەڵێن پۆستمان دەوێ و فلان شت و فلان شت ئیستحقاقی ئێمەیە. ناڵێن وەزارەتی عەدلی عێراقیمان بۆچی دەوێ تەنیا دەڵێن ئیستحقاقە و دەبێ بدرێتە یەكێتی. ناڵێن پارێزگاری كوركووك دەبێ چیی بكات و داگیركارییەكەی كەركووك چۆن چارەسەر ببێ، تەنیا دەڵێن پۆستەكە ئیمەیە.
نەمانبیستووە لەسەر حكوومەتی ئاییندەی هەرێم ئەوان موناقەشەی بەرنامەی كاری حكوومەتیان كردبێ، تەنیا پێداگیری لەسەر پۆست دەكەن. كە هەر گەڕێكی دانوساندنیان لەگەڵ پارتی هەرەس دێنێ، خێرا وتەبێژ و دەمڕاستی باڵە جۆراوجۆرەكانیان دێنە سەر شاشە و خەڵك لەوە دەترسێنن كە ئەگەر پۆستمان نەدرێتێ ئەگەرەكان كراوەیە بۆ دووئیدارەیی و بڕینی مووچە و قیامەت و هتد… هاوكات لەگەڵ هەموو ئەوانە مەكینەیەكی زەبەلاحی ئیعلامی و سۆشیالمیدیایان خستۆتە كار كە بۆنی شەڕی نێوخۆیی لێ دێت و دووبەرەكی و دروودەلەسە و بێ پڕەنسیپی بڵاو دەكەنەوە.
ئەگەر یەكێتی ئێستا لە دەستێكی ئەمین با و بە ڕاستی حزب با، دەبوایە ئێستا لەبری پۆست شەڕی لەگەڵ پارتی و حزبەكانی تر لەسەر بەرنامەی حكوومەت و بەهێزكردنی كوردستان و كۆتایهێنان بە داگیركاری و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و یان لانیكەم دابینكردنی هەلی كار با كە قوباد تاڵەبانی لە بانگەشەكاندا زۆری لەسەر دەگوتەوە.
ئێستا پرسیاری جەوهەری ئەوەیە، كیانێكی سیاسی نە سەربەخۆیی ئەجیندای بێت و نە خزمەتگوزاری و بەرنامەی كاری حكوومەتی لە خەیاڵدا بێ و كاریش بۆ گەشەی بەها دیموكراتییەكان نەكات، ئایا دەكرێ ناوی حزبی لێ بنێین؟ ئەوانە باجستێن و بەڵان بەسەر خەڵكی كوردستان یان جزبێكی سیاسیی كە خاوەنی قەزییەكی نەتەوەیی و دیموكراتییە؟
ئەگەر بەردەوام بن لە پشتكردن لە پڕەنسیب و بەها و قەزییەكان لەیاد بكەن و تەنیا بیر لە پۆست بكەنەوە بە دڵنیاییەوە ئەو ڕێگەیەی یەكێتی پێیدا دەڕوات، سەرئێشە و لەمپەری گەورەن بۆ كوردستان و، زەحمەت و قوربانیدانی دەیانساڵەی نیشتمانپەروەر و تێكۆشەرەكانیشی بە با دەدەن.