فراكسیۆنی پارتی بەتووندی وەڵامی گۆڕان دەداتەوە

خواكوڕك

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بەتووندی وەڵامی بەیاننامەكەی گۆڕان دەداتەوە و دەلێت لە وەڵامی بەیاننامە پڕ لە هیستریاكەی ڕۆژی پێنجشەممە 17-11-2016ـی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیێنین گۆڕان بە هیچ شێوەیەك ئەو مافەی نییە بەناوی گەلی كوردستانەوە بدوێت و بەناوی خەڵكی سەربەرزی كوردستان و چینوتوێژ و هاووڵاتیان قسە لەسەر چارەنووس و ئاییندە و پرسە سیاسییەكان بكات.

هەروەها فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەلێت، گۆڕان نوێنەرایەتیی ڕەوتێكی فكریی فەوزەوی و تێكدەر دەكات و قوتابیی ئەو كەسەیە كە تەنیا بیر لە تێكدانی ڕەوشی سیاسیی كوردستان و ئاسوودەیی خەڵك دەكات. شاگردی ئەو كەسەن كە هانی لایەنگرانی داوە تەقە لە كونسوڵخانەكان بكەن و ئەندازیاری بیانی بڕفێنن و داهێنەری جنێوفرۆشی و ئیرهابی فكرییە لەناو كورددا. ئەو ڕەوتە بە هیچ شێوەیەك مافی ئەوەی نییە ببێتە دەمڕاست و نوێنەری گەلی كوردستان، ئەو گەلەی سیمبوڵی پێكەوەژیان و ئازادیخوازی و تێكشكاندنی تیرۆر و دیكتاتۆرییە.

هەروەها فراكسیۆنی پارتی دەشلێت، پێویستیش ناكات موزایەدە بكەن و خۆتان بكەن بە نوێنەری مووچەخۆر و مامۆستایانی كوردستان. مەبەست لە تێكدەر و ئاژەوەچی و جنێوفرۆش تەنیا ئێوەن كە كوردستان و یەكڕیزیی گەلی كوردتتان تێكداوە. بۆیە دووپاتی دەكەینەوە كە ئێوەی شاگردی جنێوفرۆش و دیلكوژ و هاندەر بۆ كوشتنی كونسوڵەكان، هەتا دەتوانن جنێو بدەن، هەڵپەڕن، ئیرهابی فكری بڵاو بكەنەوە. چونكە ئەمە پیشەی خۆتانە و ناتوانن خەڵكی سەربەرزی كوردستان پەلكێشی نامەسئولیی خۆتان و هزری تێكدەرانەتان بكەن.

فراكسیۆنەكە دەشلێت باسی یەكڕیزیی دەكەن؟ هەر ئێوە و مامۆستاكەتان بوو حزبێكی گەورە و تێكۆشەرتان لەت كرد، ئێستایش خەریكی خواردنی سەری یەكتر و پیلانگێڕانن لەدژی یەكتری. یەكڕیزیی گەلی كوردستان كاری ئێوە نییە. جنێوفرۆشی و ئیرهابی فكری و تێكدان ئەو ئەخلاقەیە لەسەری پەروەردە كراون و دوور و نزیك پەیوەندی بە بەها بەرزەكانی گەلی كوردستانەوە و داوا ڕەواكانی خەڵكی كوردستان و مووچەخۆر و مامۆستایان نییە. دەرفەتتان پێدرا مەدەنی بن و هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و زیاتر لە حەقی خۆتان لە حكوومەت و پارلەمان بەشتان برد، بەڵام ناپاكیتان لە تەوافوق و پڕۆسەی سیاسی كرد و یاریتان بە ئاسوودەیی خەڵك و دامودەزگاكانی هەرێم كرد. كە تەپوتۆزی ئیرهابە فكرییەكەتان لە سلێمانی نیشتەوە ئەو كات بۆ خەڵكی شاری هەڵمەت و قوربانی ڕوون دەبێتەوە كە چیتان كردووە و چۆن یاریتان بە چارەنووسی گەل كردووە.

فراكسیۆنی پارتی هەروەها دەشلێت بۆشتان نییە ناوی پێشمەرگە و شنگال بهێنن، ئەوەی لەسەر تێكدان و ڕق و دووبەرەكی و ناپاكی پەروەردە كرابێت بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ هاوسۆزی نەهامەتی و ئازاری كوردستان و شنگال بێت. گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو، پێشمەرگە مەردانە تۆڵەی شنگالی كردەوە و ئەفسانەی داعشی شكاند بەڵام ئێوە چیتان كردووە بۆ پێشمەرگە و شنگال؟ ئەوە سەركەوتنی پێشمەرگەیە ئێوەی تەنگاو كردووە و تووشی هیستریا بوون.

لە كۆتاییدا فراكسیۆنی پارتی دەڵێین گەلی كوردستان لەسەر ڕێگەی خۆی بەردەوام دەبێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەركەوتن و شكۆ تۆمار دەكات و پاڵپشتی پێشمەرگە و بەها و ئامانجە بەرزەكان دەبێت. ئێوەی پەروەردەی مەدرەسەكەی ڕق و تێكدانی گۆڕانیش هیچتان دەست ناكەوێت جگە لە جنێو و هەڵپەڕین.

Back to top button