پارتی به‌ مه‌رج به‌شداری له هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووك ده‌كات‌

دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی رایگەیاندووە، پارتی بەشداریی لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە کەرکووکیشەوە دەکات.

دیاری حوسێن بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە، کە مەترسیی زۆر لەسەر کەرکووک و دەوروبەری هەیە و ”ئەو ڕەوشەی ئێستا لە کەرکووک ھەیە ھەمان ئەو ڕەوشەیە کە لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2018 ھەبوو، بەو شێوەیەی ئێستا دەنگدەر ناتوانێت بە ئازادی بەشداریی دەنگدان بکات“.

ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە حزبەکەی چەند مەرجێکی هەیە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، کە بریتین لە؛

– بارودۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە.

– ھێزەکانی تر لەو ناوچانە ‌بکشێنەوە و ھێزی پێشمەرگە بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئەو ناوچانە بەڕێوە ببەن.

– بارەگاکانی پارتی لە شارەکە بگەڕێنەوە و ئەو ستەمەی ھەیە لەوێ نەمێنێت.

– دۆخێکی ئازاد بھێنرێتە کایەوە.

– ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بگەڕێتەوە شارەکە.

بڕیارە لە رۆژی 9-11-2019 ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بە کەرکووکیشەوە ئەنجام بدرێت.

Back to top button