سوپای عێراق داوای خۆڕادەستكردن لە چەند سەركردیەكی پەكەكە دەكات

سوپای عێراق هێزی زیاتر بۆ شنگال ڕەوانە دەکات و بەرپرسانیش لەمبارەیەوە هۆشداریی توند دەدەن.

قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی ١٧ی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق ماوەیەکی بۆ پەکەکە دیاری کردووە و مەترسی هەیە کە ئەگەر دوای ئەو ماوەیە پەکەکە هێزەکانی خۆی نەکشێنێتەوە، ئەگەر هەیە سوپای عێراق لێیان بدات.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە حکوومەتی عێراق داوای ڕادەستکردنی چەند سەرکردەیەکی پەکەکەی کردووە.

لەلایەکی دیکەوە شێخ ناسر پاشا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی ١٧ی پارتی ڕایگەیاندووە: “چەند رۆژی رابردوو نوێنەری سوپای عێراق ھاتووە بۆ شنگال و لەگەڵ فەرماندەکانی پەکەکە کۆبوونەوەی کردووە و پێی گوتوون لە شنگال دەربچن، بە تایبەتیش ئەو کەسانەی پەکەکە لە سووریا و تورکیاوە ھێناونی بۆ شارەکە، دوای ئەوەش داوایان کردووە ئەو چەکدارانەی پەکەکە کە خەڵکی شنگالن، ببنە بەشێک لە حەشدی شەعبی و چەکدارانی دیکەی پەکەکە لەو سنوورە دەربچن“.

هاوکات ئەوەی نەشاردەوە کە لەبارەی مۆڵەتەکەی هێزەکانی عێراقەوە، پەکەکە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، بەشێکیان لەگەڵ پێداگری و بەشێکیشیان لەگەڵ ڕازیبوون بە داواکارییەکەن.

بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٧ی پارتی جەختی کردەوە کە حکوومەتی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزیکی زۆری عێراقی بردووەتە سنووری شنگال و فیرقەی ئاڵتوونیی سوپای عێراق و دژە تیرۆر بردراون و بەشێکیشیان لە سنوورەکانی نێوان عێراق – سووریا جێگیر کراون.

Back to top button