ناوەرۆكی دانیشتنی ئەمرۆی پەڕلەمان لە زاری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیەوە

دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ناوه‌ڕۆكی دانیشتنه‌كه‌ی خسته‌ روو.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆ په‌رله‌ماندا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كرا، دواتر پڕۆژه‌ یاساكه‌ ئاراسته‌ی لێژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان كرا.

هه‌روه‌ها گوتی: سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌ لێژنه‌ی یاسایی كردووه‌، به‌ زووترین كات ئاماده‌كاری بكات و راپۆرتی خۆی له‌ باره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ ئاماده‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م و سێیه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاساكه‌ بكرێت.

خۆشناو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، فراكسیۆنی پارتی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كۆی پرۆسه‌ی كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم پرۆسه‌یه‌كی نیشتیمانییه‌ و پێویسته‌ كۆده‌نگی نیشتیمانی له‌سه‌ری درووست بێت، تا ئێستاش 68 په‌رله‌مانتار واژۆیان له‌ سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ كردووه‌.

باسی ئه‌وه‌شی كرد، هه‌ر چه‌نده‌ تا ئێستا هیچ فراكسیۆنێك به‌رهه‌ڵستی خۆی بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ نیشان نه‌داوه‌، به‌ڵام هێشتا كات له‌به‌ر ده‌سته‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر فراكسیۆنێك كه‌ سه‌رنج و تێبینییان له ‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ هه‌یه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی لێژنه‌ی یاساییدا تێبینییه‌كانیان بخه‌نه‌ روو.

سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌ش كه‌ باس له‌ لایه‌نگیری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پڕۆژه‌ یاساكه‌ی ده‌كه‌ن، ئومێد خۆشناو جه‌ختی كرده‌وه‌، ئێمه‌ سه‌ر له‌ به‌ری ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتیشی، هه‌رچه‌نده‌ دیدار، سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی دانوستانكاری پارتی له‌ 6ی تشرینی دووه‌مه‌وه‌ تا ئێستا بۆ ئه‌وه‌ بووه‌، كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر دووا كه‌وتین و پێویست بوو زووتر ئه‌و هه‌نگاوه‌مان هه‌ڵهێنابا، چونكه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ته‌نیا هی پارتی نییه‌ و پڕۆژه‌یه‌كی نیشتیمانییه‌ و موڵكی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانه‌.

گوتیشی: ناكرێت ئێمه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ به‌ پڕۆژه‌ یاسایه‌كی نیشتیمانی پێناسه‌ بكه‌ین و له‌ واقعیشدا هه‌نگاوێك به‌پیر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌وه‌ نه‌نێین و گرێ و له‌مپه‌ر بخه‌ینه‌ به‌رده‌می.

ئومێد خۆشناو روونیكرده‌وه‌، ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ سێ خاڵی گرنگ ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌وانیش: كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، راگرتنی یاسای دابه‌شكاری ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌ گوێره‌ی یاسای ژماره‌ 1ی ساڵی 2005ی هه‌مواركراو، سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مان به‌ هه‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ پێشوو هه‌یبوون هه‌ڵده‌بژێردرێت، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌بینه‌ خاوه‌نی ده‌ستووری خۆمان.

گوتیشی، باسكردن له‌ جێگری یه‌كه‌م و دووه‌م یانیش سێیه‌م له‌ ناو یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا بوونی نییه‌.

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی پارتی نه‌ك ته‌نیا نه‌مانویستووه ‌به‌بێ فراكسیۆنی یه‌كێتی، به‌ڵكو هه‌رگیز نه‌مانویستووه‌ به‌بێ هیچ فراكسیۆنێك سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لێژنه‌كانیش هه‌ڵبژێردرێن، ئێستاش كه‌ هه‌نگاوه‌ یاساییه‌كانی په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌ستیان پێكردووه‌، نامانه‌وێت فراكسیۆی یه‌كێتی له‌و پڕۆسه‌یه‌ دوور بێت و هیوادارین ئه‌وانیش بێنه‌ ناو پرۆسه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌شهێن، رێككاره‌ یاساییه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ راناگیرێن.

ئاشكراشیكرد، بۆ ئه‌م خوله‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌بینه‌ خاوه‌ن ده‌ستوور، ئه‌و كات ده‌ستوور ئه‌وه‌ دیاری ده‌كات، ئاخۆ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو گه‌ل یانیش په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت، هه‌مدیس ئه‌و كات ده‌ستوور ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمیش دیاری ده‌كات

Back to top button