مەسعوود حەیدەر: پارتی چاوپۆشی کردووە کە یەکێتی و گۆڕان وەزارەتێك زیاتر لە شایستەی خۆیان پێ بدرێت
پەرلەمانتارێکی پێشووی کورد لە بەغدا، سەبارەت بە دانووستاندنەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ پارتی چاوپۆشی لەوە کردووە کە یەکێتی و گۆڕان وەزارەتێک زیاتر لە شایستەی ھەڵبژاردنیان پێ بدرێت.
مەسعود حەیدەر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بابەتێکی بە ناونیشانی پارتی و بەرپرسیارییەتی حوکمڕانی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ستایشی ڕۆڵی پارتی دەکات لە دانووستاندنەکانی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی تازەی حکوومەت.
حەیدەر نووسیویەتی بە پێی رێژە و ژمارەی کورسی لایەنەکان بێت لە پەرلەمانی کوردستان، دەبێ گۆران ٣ وەزارەت و یەکێتی چوار وەزارەت و پارتی ١٠ وەزارەتی بەربکەوێت، تورکمان و مەسیحێکانیش یەکی یەک وەزارەت. کاتێک باس لە بەرپرسیارێتی حوکمڕانی کوردستان دەکرێت، ھەموو روو لە سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، لەبەر ئەو بەرپرسیاێتیە دەبینین وەفدی دانووستانکاری پارتی چاوپۆشی لەوە دەکات کە یەکێتی و گۆڕان وەزارەتێک زیاتر لە شایستەی ھەڵبژاردنیان پێ بدرێت.
مەسعود حەیدەر ڕاشیگەیاندووە” لایەنێک کە حوکمڕان بێت و سەرکردایەتی بزافی رزگاری و دیموکراسی و سەقامگیری کوردستان بکات و کوردستانێکی بەھێز بونیادبنێت دەبێ لەخۆبوردە بێت و بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان و ژیان و گوزەرانی خەلکی بخاتە پێش بەرژەوەندێکانی خۆی و ھەر ئەوەش دیدگا دەکرێت لە ڕابەر و مەرجەعی کورد سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ناوبراو پێیوایە کە ئەم قۆناغەی حوکمڕانی جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، دەبێ چوارچێوەی بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی گەلی کوردستان لە دەستوری ھەرێم دیاری بکرێت و چیتر ھیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت گەمە بە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندێکانی گەلی کوردستان و خاکەکەی بکات.
زیاتر دەشڵێ تەوافوقی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تر لەسەر بابەتە ستراتیجی و چارەنووسسازەکان بەرپرسیارێتی مێژوویەو دەبێ ھەموو گەلی کوردستان پشتیوانی بێت بۆ بەرقەرابوونی سیاسی و بەھێزکردنی بەرەی ناوخۆی کورد بۆ ئەوەی مافە دەستوری و یاساییەکانمان لە بەغداد وەدەست بێنین و پێگەی سیاسیمان لە ناوچەکە بەھێزتر بکەین و زیاتر ئومێدبەخش بین بۆ پارچەکانی تری کوردستان”.