کەمال کەرکووکی: تا دۆخى سیاسى و ئەمنى و ئیدارى کەرکووک ئاسایى نەکرێتەوە، بەشدارى هەڵبژاردن لەکەرکوک ناکەین

 

دوای ئەوەی پرسی سازدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەتایبەت هەلبژاردن لە کەرکووک و بەشداری کردنی حزبە کوردستانیەکان بە یەک لیست بووە مژاری گەرم، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان مەرج و هەڵوێستی حزبەکەی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە شاری کەرکووک ئاشکرا دەکات.

کەمال کەرکووک بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: “تا دۆخى سیاسى و ئەمنى و ئیدارى کەرکووک ئاسایى نەکرێتەوە، بەشدارى هەڵبژاردن لەکەرکوک ناکەین”.

بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (دەنگی ئەمەریکا)ی ڕاگەیاند: “پرۆژە بۆ دۆخى کەرکووک پێشکەشکراوە و گفتوگۆى لەسەر دەکرێت، تا ئەنجامى گفتوگۆکان دەرنەکەون، بڕیارى بەشدارى لەکەرکووک نادەین”.

 

کەمال کەرکووکی ئاشکراشی کرد کە هەموو لایەنەکان بە ئەمەریکى و نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە لەهەوڵدان بۆ ئەوەى هەڵبژاردن لەکەرکووک نەکرێت، تا ئەوکاتەى هەلێکى وا دەرەخسێنرێت هەموو لایەنەکان پێی ڕازى بن.

 

بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێویستیی دەزانێ کە پێش ئەنجامدانى هەڵبژاردن ، تۆمارى دەنگدەران پاک بکرێتەوە و ئەنجوومەنى پارێزگا کارا بکرێتەوە.

 

ئەو بەرپرسەی پارتی پێیوایە بەوهۆیە کە ناوچەکانى رۆژئاواى کەرکووک چەند ساڵێکە لە ژێر کۆنترۆڵى داعشدان، نازانرێت کە کێ مافى دەنگدانى هەیە، کێ نیەتى، کێ خەڵکى ناوچەکەیە و کێ لە جێگەى ترەوە هاتووە و ڕاشیگەیاند کە دەبێت ئەمانە لەیەکترى جیا بکرێنەوە

Back to top button