ئێران ڤیزای بێبەرامبەر دەداتە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان
سەعدوڵڵا مەسعودیان، کونسوڵى ئێران لە سلێمانى رایگەیاند: “ئێمە چەند جۆر ڤیزامان ھەیە، ھاووڵاتیانی عێراق دەتوانن پێی ھاتووچۆی ئێران بكەن، ھیوادارین عێراق وەڵامی ئەو پێشنیازەمان بداتەوە و رەزامەندبێت، كە ھاووڵاتیان بتوانن ڤیزای 3 مانگ و 6 مانگ و ساڵێك بەبێ بەرامبەر وەربگرن”.
گوتیشی: “ئێمە لە سبەینی 1/4/2019، ڤیزای سێ مانگ مانەوە لە ئێران دەدەینە ھاووڵاتیان كە دەتوانن دوای سێ مانگ سەردانی ئێران بكەن و مانگێك لەوێ بمێننەوە، ھیوادارم ھەرێمی كوردستانیش وەك ھەنگاوی ھاوتا ئەو 25 ھەزار دینارەی لە ھاووڵاتیانی وەردەگرێت لەكاتی سەردانیان بۆ ھەرێمی كوردستان نەھێڵێت و پارەكە وەرنەگیرێت”.
راشیگەیاند: “خۆشبەختانە لە رێگەی نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئێران پێیان راگەیاندین، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ھاتنی رێنماییە نوێیەكانی ئێران ئەوانیش ئەو 25 ھەزار دینارە لە دەروازە سنوورییەكان لادەبەن”.
داواشی لە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان كرد: “پەلە نەكەن لە وەرگرتنی ڤیزا و قەرەباڵغێ دروست نەكەن، چونكە ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت”.