نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی پەیمانگای ئەمریكی بۆ ئاشتی كۆبویەوە

 

دوای ئەوەی شاندێكی پەیمانگای ئەمریكی بۆ ئاشتی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد, لە لایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكران و لە میانەی گفتوگۆكانیاندا سەرۆكی جكومەت رایگەیاندووە,هەموو هەوڵێك بۆ دروستكردنەوەی متمانە و دیالۆگ لەنێوان پێكهاتە جیاجیاكان بەمەبەستی گەڕاندنەوەیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری دەدات.

ماڵپەری فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە ئەمڕۆ یەكشەممە(٣١-٣-٢٠١٩)نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو نانسی لینبۆرگ سەرۆكی پەیمانگای ئەمەریكی بۆ ئاشتی و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاسی هاوكاریەكانی حكوومەتی هەرێمیان كرد بۆ كار و چالاكییەكانی نووسینگەكانیان و پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی شەڕی داعش.

شاندەكە جەختیان لەوە كردەوە كە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم هاوكار دەبن بۆ دروستكردنەوەی متمانە لەو ناوچانەی ئاوارەكان لێی هاتوون و نیگەرانییان بۆ نەگەڕانەوەیان بەهۆی نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزارییەوە لە ناوچەكانیان دەربڕی و لەمباریەوە‌ دیالۆگێكی جددییان لەنێوان دەزگاكانی حكوومەت و خەڵكی ناوچەكەدا به ‌پێویست زانی‌.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و دڵنیای كردنەوە كە حكوومەتی هەرێم هەموو هەوڵێك بۆ دروستكردنەوەی متمانە و دیالۆگ لەنێوان پێكهاتە جیاجیاكان بەمەبەستی گەڕاندنەوەیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری دەدات.

سەرۆكوەزیران پوختەیەكیشی دەربارەی‌ پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەوڵەكان بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی باش لەنێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستاندا پێشكەش كرد كە بەهۆیەوە چەند كێشەیەك چارەسەر كراون و لە داهاتووشدا لەسەر كێشەكانی دیكە گفتوگۆ دەكرێت، هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتی كردەوە كە هەوڵێكی جددی لەنێوان لایەنەكاندا هەیە بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێ لە داهاتوویەكی نزیكدا.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە و دوا پێشهاتە سیاسییەكان و دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Back to top button