ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: پرۆژەی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ئاراستەی پەرلەمانكرد
دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لێژنە هەمیشەیەكانی هەڵبژارد, لە ئێستادا دەستی بە كارەكانی كردووە, ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە نوسراو پڕۆژەی دانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ئاراستەی پەرلەمان كرد, دوای پێكهێنانی حكوومەت ئاراستەی حكوومەتیش دەكرێت.
خانزاد مام وسوو، جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ئاشكرای كرد، دوای ئەوەی ھەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنەكەیان كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا و بڕیاری دا دووبارە پڕۆژەی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران ئاراستەی حكوومەت بكات، بە ھۆی باش بوونی دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە ئەنجومەنەكەیان، نووسراوەكە ئامادە كراوە و لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە ئاراستەی حكوومەت دەكرێت، بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكات.
جێگری سەرۆكی لێژنەكەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی جەختی كردووەتەوە، پڕۆژەكە جگە لە حكوومەت، ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانیش دەكەن، تاوەكوو لە پەرلەمانەوە بكرێتە یاسا و حكوومەت بە گەڕاندنەوەی پاشەكەوتەكە بۆ مووچەخۆران پابەند بكات، چونكە ”ئەوە مافی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانە و پێویستە بدرێتەوە”.
بەپێی پڕۆژەكە، پێویستە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مانگانە لەگەڵ مووچەدا، بڕێكی پارەی پاشەكەوتكراو بۆ فەرمانبەران بگەڕێنێتەوە و ئەو قەرزانەی حكوومەتیش لای فەرمانبەرانە، لە پاشەكەوتەكە كەم بكرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، لە ماوەی ساڵانی قەیرانی داراییدا، حكوومەت ٧ مووچەی تەواوی فەرمانبەران و ٣٣ مووچەی بە بڕی جیاوازی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران، قەرزارە.