یەكێتی قوتابیان: داوای گەڕاندنەوەی دەرماڵەی قوتابیان لە حكوومەت دەكات

 

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو بە هۆی قەیرانی دارایی دەرماڵە و هاوكاریەكانی حكوومەت بۆ قوتابیان وەستێنران, لە ئێستادا بەرپرسی كاروباری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئێمە لە هەوڵەكانمان بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی قوتابیان بەردەوامین و لەگەڵ مافی قوتابیداین.

سەنگین ئەحمەد، بەرپرسی كاروباری یەكێتی قوتابیانی كوردستان ڕایگەیاند: “ئێستا كار بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی قوتابیان دەكەین و لە هەوڵەكانمان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی خوێندنی باڵا بەردەوامین، حكوومەت باس لەوە دەكات كە ئێستا بە هۆی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی ئەركی حكوومەت قورس بووە, هەروەها لە داهاتوودا خەریكی ئەوە دەبین كە دەرماڵەی قوتابییان بگەڕێنینەوە“.

بەرپرسی كاروباری قوتابیانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات: “لەگەڵ خۆپیشاندان و بایكۆتی قوتابییاندا نین، لەبەر ئەوەی تەنیا یەك مانگ و نیو دەوامی خوێندن ماوە، بۆیە دەبێ كار لەسەر ئەوە بكرێت ئەو شوێنانەی بەهۆی لافاو بارانەوە دەوامی تێدا وەستێنراوە دەست پێ بكاتەوە“.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ پێدەچێ بۆ ئەمساڵی خوێندن دەرماڵەكە خەرج بكرێتەوە؟، سەنگین ئەحمەد گوتیشی: “بە دووری دەبینین كە وابێت”.

Back to top button