عەلی حەمە ساڵح: لەگەل پارتی لە دوو مانگی یەكەمی دەست بەكار بوونی حكوومەت پڕۆژە یاسایی چاكسازی تێدەپەڕێنین
دوای ئەوەی پڕۆژە یاسایی چاكسازی لە خوڵی پێشوو گەڕێندرایەوە پەرلەمان, سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت كە لە دوومانگی یەكەمی دەست بەكاربوونی حكوومەت لەگەڵ پارتی پڕۆژە یاسایی چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێنین و گەندەڵی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەبێتەوە.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاندووە: ئامانجی بزوتنەوەكەیان بە پەرلەمانیكردنی سیستمی حكومڕانی و ئەنجامدانی چاكسازی و روبەڕوبونەوەی گەندەڵییە و دەشڵێت:”لە كۆبونەوەكانیشمان لەگەڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان پێش ئەوەی بگەینە رێككەوتنی كۆتایی جەختمان لەو داواكارییانە كردوەتەوە، تەنانەت سەرۆكی شاندی گۆڕان بە شاندی پارتی راگەیاند كە ئەگەر نیوەی پۆستەكانی حكومەتیشمان پێبدرێت، بەڵام چاكسازی نەكرێت بەشداری حكومەت ناكەین”.
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان رونیشی دەكاتەوە كە ئەوەی لە رابردودا وتومانە لەبارەی خانەنشینی نایاسایی پلەی باڵا، بندیوار و دو موچەو سێ موچە و پلە بەرزكردنەوەی نایاسایی و پلەی سەربازی نایاسایی و ئەوانەی سەدان ملیۆن دۆلاری حكومەت قەرزارن و نایدەنەوە و دەیان خەرجی دیكەی گەندەڵی، “ئەمانە هەمویمان رێكخستوەتەوە، بڕیاردراوە و رێككەوتوین یەكەم یاسا بۆ كابینەی نوێ دەربكەین یاسای چاكسازی بێت دوای ئەویش سندوقی داهاتی نەوت دروستدەكەین، جگە لەوەی دەیان دۆسیەی گەندەڵیمان ئامادەكردوە لە بوارەكانی دیكە، دەیدەینە دەست كابینەی نوێ”.
هەروەك ئەوە دوپات دەكاتەوە ئەگەر ئەو داواكارییانە نەكرا و رێككەوتنەكە وەكخۆی جێبەجێ نەكرا، ئەوا لە جاران توندتر و جدیدیتر قسە لەسەر زوڵم و ستەمكاری دەكەن هەڵوێست رادەگەیەنن.