كۆمەڵی ئیسڵامی ھێرشە میدیاییەكانی بۆ سەر گۆڕان چڕكردووتەوە

دوای ئەوەی کۆمەڵ هەڵمەتێکی ڕاگەیاندنی لە دژی گۆڕان بە شێوەی جۆراوجۆر دەست پێکرد، هێمن شێخانی، بەرپرسی مەکۆی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان، داوای لە عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کردووە، ئەو هەڵمەتی ڕاگەیاندنە ڕابگرێت کە لە لایەن حزبەکەیەوە دەکرێنە سەر گۆڕان و داوای لێکرد هاوشێوەی حزبەکەی شاسوار عەبدولواحید ”نەبن بە شاگردی یەکێتی“.

لە بەرامبەردا عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان، وتارێکی بە ناونیشانی (مەگەر خەڵکیش هەر ئەمەی ناوێت؟) لە میدیای حزبەکەی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، ھەر ھێزێکی سیاسیی، ئازادە لە شێوازی حزبایەتی و ئاراستەی سیاسەتکردن و مامەڵە و ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەوانی دیکە. ڕوونیشی کردەوە کە کۆمەڵ، لە گۆڕان و یەکگرتوو جیاوازە.

هاوکات پرسیاری ئەوەی کردووە: ”دەکرێ هەر کاممان جیاواز بووین، یان بڕیارێکی جیاوازمان دا، ئەوانیتر بکەونە گیانی؟“. دەشڵێت: ”گۆڕان ھێزێکی سیاسیی سەربەخۆیە، خۆیان بەرپرسن لەو بڕیار و قەناعەتە سیاسییانەی ھەیانە“.

عەبدولستار مەجید داوای لە گۆڕان کردووە، عیبرەت لە هەڵەکانی ڕابردووی وەربگرێت و نووسیویەتی: ”تەمەننا دەکەین ڕێکەوتن و چوونە حکوومەتیان بەخێر و خۆشیی بۆ خەڵک تەواو بێت و ئەوانیش و پارتیش عیبرەتیان لە ناکۆکیی و ھەڵەکانی ڕابردوویان وەرگرتبێ“.

عەبدولستار مەجید لە کۆتایی نووسینەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەوان خاوەنی ”دید، دونیابینی، ئەخلاق، مەبدەئی سیاسی و ئیسلامییانە“ی خۆیانن و نابنە بەشێک لە ناکۆکی و شکاندنی بەرامبەرەکانیان. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”لەو چەندین ساڵەی کاری ھاوبەشمان کردووە، بایی ئەوەندە لەیەک تێگەیشتووین کە ڕێزی یەک بگرین“.

Back to top button