پارتی داوا دەکات یەکێتی لەنێو خۆیدا لەسەر پۆستەکان ڕێک بکەوێت

دوای ئەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ماوەی دوو مانگدا لە سێ رێككەوتنی سیاسی پەشیمان بووە، بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکاری ڕاستەقینەی پێداگریکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر هەوڵەکانی خۆی بۆ دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و داوای لە حزبەکە کرد، لەنێو خۆیدا لەسەر پۆستەکان ڕێک بکەون.

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی ڕایگەیاند: ”لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان ھەردوو شاندی پارتی و یەکێتیدا، برادەرانی یەکێتی داوای شەش وەزارەتیان کردبوو، بەڵام تەنیا پێنج وەزارەتیان بۆ دانراوە و ئەو داواکارییەی ئەوان بە سەرۆک بارزانی دراوە، ئیدی ئەوان خەریکی ئەو بابەتەن و ئەگەر پەیوەندی بە یەکێتی بکەن بۆ ئەوەی وەزارەتیان پێ بدەن، یان نەیدەن، یان بە شتێکی دیکە ڕازی دەکرێن“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ”بە دڵنیاییەوە ڕێککەوتن دەکرێت“، بەڵام ”ئەوەی ئێستا دۆخەکەی دواخستووە، یەکێتی خۆیەتی، چونکە لەوانەیە لەنێو خۆیاندا لەسەر دابەشکردنی ئەو پۆستانەی پێیان دراوە، گرفتیان ھەبێ و بە ئاسانی نەگەنە ڕێککەوتن، دەنا پێموایە گرفتێکی وا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نییە“.

بڵند ئیسماعیل نەیشاردەوە کە دۆخی ناوخۆی یەکێتی، کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت هەیە و بەداخەوە باسی لەوە کرد: ”بەداخەوە حزبێک وای لێبێت نەتوانێت لە ناوخۆیاندا ڕێککەوتن لەسەر پۆستێک یان دوو پۆست بکەن“. بۆیە بە باشی زانی کە یەکێتی لەنێو خۆیاندا بگەنە ڕێککەوتن، چونکە ”ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان پارتی و یەکێتی کراوە، لە بەرژەوەندیی تێکڕای میللەت دەبێت“.

Back to top button