فه‌ره‌نسا له‌ پشتیوانی و هاوكاری هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت

ئەمڕۆ سێشەممە 2/4/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ برۆنۆ ئۆبرت، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، جەختی لە دۆستایەتی گەلی کوردستان و فەرەنسا کردەوە.

لەم دیدارەدا، کە کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر ئامادەبوو، دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێکران و دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی فەرەنسا و كوردستان كرایەوە.

مەسرور بارزانی  پشتیوانی و یارمەتییەکانی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند، کە بەردەوام  لە قۆناغە جیاکاندا هاوكار و پشتیوانی گەلی كوردستان بووە، هەروەها باسی لە هەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەک و پێشڤەچوونەکانی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کرد و هەنگاوەکانی بە ئەرێنی وەسفکرد.

هەروەک لە دیداره‌كه‌دا ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا، بارودۆخی سوریا و کۆنترۆڵکردنەوەی دوا مۆڵگەی داعش بەشێکی دیکەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بوون.

باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق جگە لە هیوای سەرکەوتن بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتیی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و پاریس کردووەتەوە و رایگەیاندووە،  فەرەنسا لە پشتیوانی و ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

Back to top button