ناوەندی بڕیار بوار بەوە نادەین كوردستان كەرت و پەرتبكرێت

خواكوڕك

باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كە جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی سەرپەرشتی دەكەن, لە راگەیێندراوێكدا پەیوەیست بە دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێم لە رێگەی چەند خالێك مەترسیەكانی سەر هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكەن, هاوكات داوای گۆڕانكاری لە حكومەت ‌و داهاتی وڵات دەكەن, ئەمە جگە لەوەی دژایەتی خۆیان بۆ هەوڵی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند كە دەخوازن بەغدا مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم بكات.

 

بەیاننامەی ناوەندی بڕیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان

هاووڵاتیانی خۆشەویست…

هەموو ئەزانن كە جەماوەری گەلەكەمان و هەرێمی كوردستان لە هەلومەرجێكی ناسك و سەخت و دژواردایە. خەڵكی لە ناخۆشترین باری ژیان و گوزەراندا بەبێ مووچە بە بارێكی ئابووری و سیاسی پڕ لە تەم و مژدا تێپەڕ ئەكات. مەترسییەكانی سەر كۆمەڵ و هەرێمەكەشمان تا دێت بە ئاقارێكی خراپدا ئەڕوات بەجۆرێ:

1- حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر لە بەشداری و بەرپرسیاری هەموو حزبەكانی كوردستانەوە تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت لە جێبەجێكردنی نەخشەیەكی دروست بۆ چارەسەركردنی باری ئابووری و ژیان و گوزەرانی جەماوەر.

2- حزب و لایەنەكانی باشووری كوردستان نەیانتوانیوە سەركەوتووبن لە قبوڵكردنی یەكتری و چارەسەری گرێ و گوڵەكان و رێكخستنی ناوماڵی كوردی دا.

3- شەڕێكی ترسناك، لە هێزێكی رەشی داعشەوە، ماوەیەكی زۆرە هەڕەشەیەكی گەورەی لەسەر گەلەكەمان و هەرێمی كوردستان پێكهێناوە و هێزی پێشمەرگەی خستۆتە سەنگەرێكی خوێن لەبەر رۆیشتنی بەردەوام كە لەلایەك ئەو هێزە قارەمانەی پێشمەرگە توانیویەتی سەروەری گەورە لەبەگژداچوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆرستان لەسەر ئاستی جیهان بۆ گەلەكەمان بەدەست بهێنێ‌، لەلایەكی تریشەوە سەدان رۆڵەی گەلەكەمان ببنە قوربانییەكەی و هێندەی تریش باری ئابووری سەختتر و خراپتر بكات.

4- حكومەتی بەغداش، هێشتا هەر بە چاوی هەویەو نادۆستانە تەماشای هەرێمی كوردستان و مافی گەلەكەمان لە سنوورەكانیدا ئەكات و نەك هەر رازی نابێت ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان بۆ هەرێم بگێڕێتەوە، بەڵكە بە شێوەیەكی عادیلانەش كێشەكانی لەگەڵ حكومەت و گەلەكەمان چارەسەر ناكات و بە بڕینی مووچەو بەشە بودجەی خۆی سزای گەلەكەمان ئەدات.

5- نەتەوەكەمان لە پارچەكانی تری كوردستان و تێكۆشەرەكانی كەوتوونەتە بەر شاڵاوی پەلاماردان و گرتن و كوشتن و تیرۆركردنی گیانی دیموكراسی.

6- وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت و ئیدارە و حوكمڕانی ناوچەكانی سلێمانی و گەرمیان و كەركووكیش نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت لە چارەسەركردنی باری ئابووری و دابینكردنی لایەنی كەمی ژیان و گوزەرانی خەڵكی ناوچەكانی دا.

لەبەر رۆشنایی راستییەكانی ئەو واقیعەی كوردستاندا، ئێمە بە هەموو توانا خەبات ئەكەین بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفتەكانی ئەو هەلومەرجە و لەسەرو هەمووشیانەوە دابینكردنی مووچەو ژیان و گوزەرانی خەڵكی و چارەسەركردنی باری ئابووری. هەموو داخوازییەكانی جەماوەری گەلەكەشمان بۆ مافە رەواكانی خۆیان لە دابینكردنی ژیان و گوزەراندا بەڕەوا و ئەركی حكومەتی هەرێم و حزبە سیاسییە ناتەباكان دەزانین و بە هەموو توانا لەتەك داواكانی جەماوەردا ئەوەستین.

بەڵام لەگەڵ ئەو راستیانەدا داوا لە جەماوەری هوشیاری گەل و رێكخراوە ناحكومییەكان و رێكخراوە مەدەنییەكان دەكەین كە بەرپرسانە لە خۆپێشاندان و مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزاییدا خۆ لە توندوتیژی بەدوور بگرن و بوار نەدەن دەستی تێكدەری ئەم لاولا ناڕەزاییەكانی جەماوەر بۆ مەرامەكانی خۆیان بقۆزنەوەو بەلاڕێ و ئاقاری خراپدا بەرن و بەوپەڕی هوشیارییەوە رێگەی و شێوازی دەربڕینی نارەزایی لە چوارچێوەیەكی شارستانی و مەدەنیدا ئاراستە بكەن.

هاووڵاتیانی بەڕێز…

با پێكەوە لەگەڵ (ناوەندی بڕیار)ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە خەباتی سیاسی هێمن و شارستانی دەست لەناو دەست بە هەموو توانا هەوڵ بدەین:

1- گۆڕانكاری لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەدی بهێنین و لەسەر رێبازی ریفۆرم و چارەسەری سیاسی و ئابووری حكومەتی هەرێم بە حكومەتێكی بەتواناتر بگۆڕین.

2- داهاتی كوردستان لە هەموو سەرچاوەكانی داهات بە نەوت و غازەوە بەشێوەیەكی مەركەزی هۆشیارانەو دوور لە دزەكردنی بەشێكی بەملاو لادا لەلایەن ئەو حكومەتە نوێیەوە كۆبكرێتەوەو عادیلانە بۆ ژیان و گوزەران و پێشكەوتنی ووڵاتەكەمان بەشێوەیەكی شەفاف خەرج بكرێت.

3- دەستكەوتەكانی گەلەكەمان لە فیدرالی و هەنگاوەكانیدا بپارێزین، و بوار بەو ئاراستانە نەدەین كە هەرێمی كوردستان و فیدرالی كەرت و پەرت بكات، پارچە پارچە و پارێزگا بە پارێزگا بە بەغدایەوە ببەستێتەوە.

4- گوشار بەرینە سەر لایەنە سیاسییەكانی، تا بەرز ببنەوە بۆ ئاستی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و هەموو لایەنەكان لەیەكتر بچنە پێشەوەو بەرژەوەندیەی باڵای كورد و كوردستان و ئایندەی نەگۆڕنەوە بە شتی بچكۆڵەو بیانووی نابەجێ و پێكەوە ناوماڵی كورد رێكخەن و كۆمەڵ و نیشتمانەكەمان بخەنەسەر شاڕێی بۆ پێشەوەچوون و گەشەكردن.

هەق وایە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ژیانی خەڵكی و باری ئابووری و خواستەكانی كورد و كوردستانی لە ئایندەیەكی رووناكتردا، رەنج و خوێنی شەهیدانی هێزی پێشمەرگە لە پاراستنی گەل و ووڵاتدا گەورە بگرن. لەبەر ئەوانە هەموو سەری رێز دانەواندنی و قبوڵكردنی یەكتر بخەنە جێگەی سووكایەتی كردن بە یەكتر و بە پیرۆزییەكانی گەلەكەمان.

ناوەندی بڕیاری

یەكێتی نیشتمانی كوردستان

18/11/2016

Back to top button