بەهمەن كاك عەبدولا: پڕۆژەی چاكسازی هی پارتیە دەمانەوێت دوای پێكهێنانی حكومەت بە تەوافوق دەنگی لەسەر بدرێت
دوای ئەوەی پڕۆژە یاسایی چاكسازی لە خوڵی رابردووی پەرلەمانی كوردستان گەڕێندرایەوە پەرلەمانی كوردستان, پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت:” پڕۆژەكە هی پارتیە، بەڵام دەمانەوێت بە تەوافوق دەنگی لەسەر بدرێت.
بەهمەن كاك عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە: “پڕۆژەی چاكسازی، پڕۆژەی پارتی دیموكراتی كوردستانە و پڕۆژەی هیچ لایەنێكی دیكە نییە، چونكە لە كابینەی نێچیرڤان بارزانییەوە پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان كراوە، لە خولی ڕابردووی پەرلەماندا نەتوانرا پەسەند بكرێت، ئێستاش پڕۆژەی چاكسازی، پڕۆژەی فراكسیۆنی پارتییە.”
پەرلەمانتارەكەی پارتی ڕاشیگەیاندوە: ئەگەر حزبەكەی بییەوێ پڕۆژەی چاكسازی و هەر پڕۆژەیەكی دیكە تێپەڕێنێت ئەوە بەدڵنیاییەوە دەتوانێ، چونكە دەنگی پێویستیان هەیە و زۆرینەی پەرلەمانن.
بەھمەن كاك عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “لەبەر ئەوەی پڕۆژەی چاكسازی ڕەهەندی نیشتمانیی هەیە، پارتی دەیەوێ هەموو فراكسیۆنەكان تێیدا بەشدار بن و پێكەوە بە تەوافوق دەنگی لەسەر بدەن و كەسیش نەیكات بە موزایەدەی خۆی، ئەگەر پڕۆژەكە بكرێتە موزایەدەی سیاسی ئەوە دەبێتە بابەتێكی دیكە، بەڵام لەم خولەی پەرلەمانیشدا پڕۆژەی چاكسازی لە ئەولەویەتی كارەكانی ئێمەدایە و كاریشی لەسەر دەكەین.”