حكومەت داوای پەسەندكردنی یاسای چاكسازی لە پەرلەمان دەكات
دوای ئەوەی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خولی پێشووی پەرلەمان گەڕێندرایەوە پەرلەمان, حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە پەرلەمان كرد، پرۆژە یاسای چاكسازی پەسەند بكات و لە كاتی خوێندنەوەشیدا پرۆژەكە دەوڵەمەندتر بكرێت, بڕی ئەو پارەیەی بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە كەمتر نەبێت لە هی پێشووتر.
ئامانج رەحیم, سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لە بارەی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای چاكسازی كە لە ئێستادا گەڕێندراوەتەوە پەرلەمان رایگەیاند، دەبێ پرۆژە نوێیەكە بە ئاراستەیەك بێ كە ئەو پارانەی دەگەڕێنەوە حكوومەت كەمتر نەبێ لەوەی پرۆژەكەی پێشوو.
هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان, ئومێد خۆشناو دڵنیایی دا لەوەی ئەمجارە پرۆژە یاساكە دەوڵەمەندتر دەكرێت.
یاسای چاكسازی لە خانەنشینی لە 24 ماددە پێكهاتووە، پەسندكردنی مانگانە بڕی 150 ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە.
لە یاساكەدا خزمەتی ساڵانەی فەرمانبەران و دەرماڵەكانیان رێكخراوەتەوە، ئێستاش هەموو چاوەكان لە چاوەڕوانی پەرلەمانی كوردستانە تا بەڕاستی بە خەڵك بڵێ لە پەرلەمانەوە چاكسازی دەستپێدەكات.