مەحمود عوسمان: مەسعود بارزانی لە هەر پێگەیەك بیت گەورەترین كارگەری هەیە لە هەرێمی كوردستان

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لە بارەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی هەرێم, وتەبێژی یەكێتیش رایگەیاند رێككەوتنەكە دوای پەیوەندیەكی تەلە فۆنی نێوان سەرۆك بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ بووە, سیاسەتمەدارێكی كوردیش دەڵێ، سەرۆك بارزانی ڕۆڵی گەورەی لە چارەكردنی پرسەكان ھەیە.

دكتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: “من پێم وایە كارێكی باشە پارتی و یەكێتی بگەنە ڕێككەوتن بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، وەك بەرپرسانی یەكێتی ئاشكرایان كرد پەیوەندی ھەبووە لە نێوانیان و گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن و یەكێتی كارێكی چاكی كرد بەشداریی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا كرد.”

ئەو سیاسەتمەدارەی كورد ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “پێویستە پارتی و یەكێتی ھەر بگەنە ڕێككەوتن بۆ چارەكردنی پرسەكان، چونكە پێشتریش ئەوان ھەرێمی كوردستانیان بەڕێوە بردووە و ڕێككەوتنیش ھەبووە، لەبەر ئەوە ئێستاش دەبێ پێكەوە كار بكەن بۆ بەڕێوەبردنی ھەرێمی كوردستان.”

لەبارەی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكان، دكتۆر مەحموود عوسمان دەڵێت: “بمانەوێت و نەمانەوێت كاك مەسعوود بارزانی لەھەر پێگەیەكدا بێت ڕۆڵی سەرەكیی لە چارەكردن و یەكلاكردنەوەی پرسەكانی ھەرێمی كوردستاندا ھەیە، ھەموو كەسێك دەزانێت كاك مەسعوود بارزانی ڕۆڵی سەرەكی لە ھەرێمی كوردستاندا ھەیە، ئینجا سەرۆكی ھەرێم بێت، یان نەبێت، دەتوانێ ڕۆڵی گەورە لە چارەكردنی كێشەكان ببینێت.”

دكتۆر مەحموود عوسمان داواشی كرد لە داھاتوودا سەرۆك بارزانی خۆی بچێتە نێو پرسەكان بۆ چارەسەركردن و دەڵێت: “پارتی دیموكراتی كوردستان گەورەترین ھێزی كوردستانە و كاك مەسعوود بارزانی دەتوانێ پرسەكان یەكلا بكاتەوە.”

Back to top button