نێچيرڤان بارزانى شهستههەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەی خەبات پیرۆز دهكات
نێچیرڤان بارزانى جێگرى سهرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان له پهیامێكدا شهستههەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەی خەبات پیرۆز دهكات و ئهمهش دهقهكهیهتی:
بەڕێزان، سەرنووسەر و سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیاکار و کارمەندانی ڕۆژنامەی (خەبات)ی تێکۆشەر
سڵاو و ڕێز،
بە بۆنهی شهستههەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەی (خەبات)ی ئازیزەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و ئومێدی بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
کار و تێکۆشانتان بەوپەڕی هەستی بەرپرسیاریهتییەوە بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتیخوازانەی پارتی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و بەهێزکردنی بنەماکانی کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان لەپێناو ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی و پێشکەوتنی گەل و نیشتیماندا، مایهى ستایش و پێزانینە.
(خەبات) خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە و ناوێکی گەورە و دیاری نێو بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردستان و بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستانە، دەیان ساڵە لە سەنگەری داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەماندا تێدەکۆشێ و قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین کادیری لێهاتوو و بەتواناى ڕاگەیاندن و بڵندگۆی هەموو دەنگێکی ئازادیخواز، ئاشتیخواز و پێشکەوتنخواز بووە لە کوردستان.
(خەبات) وەک زمانحاڵی پارتى دیموكراتى كوردستان هەمیشە بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریهتى و لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتیمانەوە، پەیام و گوتاری خۆی ئاراستە کردووە.
لەم قۆناغە چارەنووسسازەی ئێستاشماندا وەک هەمیشە و وەک میدیایەکی نیشتیمانی، چاوەڕوانیی ڕۆڵێکی چالاک و کاریگەر لە (خەبات) دەکرێت بۆ جێگیرکردن و بەهێزکردنی پایەکانی ئاشتی و دیموکراسی و ئازادییە گشتییەکان لە کوردستان لەپێناو ئێستایەکی گەشاوە و ئایندەیەکی گەشتردا بۆ گهل و وڵات و نەوەکانی داهاتوومان.
دووبارە پیرۆزباییی ئەم یادەتان لێدەکەین و هیوادارین هەردەم لە سەرکەوتن و پێشەکەوتندا بن، سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم ئەو شەهیدە قارەمان و ڕەوانشادانەی کە بە ناو و بیر و بەرهەمەکانیان قۆناغ بە قۆناغ ڕۆژنامەی خەباتیان بەرەو بڵندی سەرخست، سڵاو لە سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەرفرازیی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سهرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان
4ـی 4ـی 2019