فازڵ میرانی كاندیدی یەكێتی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت ئاشكرا دەكات

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، رێککەوتنی پارتی و یەکێتی یەکڕیزیی کورد بەرامبەر “ناحەزان” بەهێزتر دەکات و دەشڵێت، قوباد تاڵەبانی دەبێتەوە بە جێگری سەرۆکوەزیران.

لە کاتی بەشداریکردنی لە یادی 60 ساڵەی بە ئاشکرا دەرچوونی رۆژنامەی خەبات، فازڵ میرانی رایگەیاند، دامەزراندنی حکومەت و ریککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی دەبێتە هۆی دڵخۆشی خەڵکی کوردستان و یەکڕیزی کورد بەرامبەر بە پلانەکانی ناحەزانی کورد و کوردستان بەهێزتر دەکات.

فازڵ میرانی گوتی “ئەوە بۆچوونی منە نەک پارتی، پێمخۆش نەبوو وابڵێم بەڵام حەزمکرد ئەو بەستەڵەکە بشکێنم، گوتم قەیدی چییە ئەگەر ئێمە یاریدەدەرێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بدەین بە برادەرانی یەکێتی، قەیدی چییە ئەگەر وەزیرێکی هەرێم یان وەزارەتێکی زیاتر بدەین بە برادەرانی یەکێتی بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە پێکەوە بونیادبنێین، دوێنێش گوتم لای من گرنگ نییە پارتی چەند وەزارەتی وەرگرتووە، بێگومان پێمخۆشە حیزبەکەی من وەزارەتی زۆری بەربکەوێت، شوکر بۆ خودا ئەو بەشەی هەیە، گرنگ ئەوەیە مرۆڤ شوکرانەی خودا بکات”.

فازڵ میرانی راشیگەیاند “ئەگەر یەکێتییەکان دیسان لێم توڕەنەبنەوە، کاک قوباد کە نیوەی هی ئێمەیە و نیوەکەی دیکەشی هی یەکێتی، هەر دەبێتەوە بە جێگری سەرۆکی حکومەت”.

لەبارەی گفتوگۆی پارتی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی کە دەیەوێ بەشداری حکومەت بکات، فازڵ میرانی دەڵێت “لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیش سەلاممان هەیە، پێمان باشە برادەرانی کۆمەڵیش لە دەرفەتێکدا ئێمە و ئەوان بگەینە قەناعەت بەشداری لە حکومەتدا بکەن باشە”.

فازڵ میرانی گوتی “ئێمە پەیڕەوی لە رێککەوتنەکەی دوێنێی جەنابی سەرۆک و جەنابی کاک کۆسرەت دەکەین، دەبێت هەردوو حیزب پەیڕەوی لە رێککەوتنی سەرکردەکانی خۆیان بکەن”.

لەبارەی یادی 60 ساڵە بە ئاشکرا دەرچوونی رۆژنامەی خەبات، فازڵ میرانی گوتی “خەبات سەرمایەیەکی زۆر گەورەی ئێمەیە، رێخۆشکەر و هاندەری ئێمە بووە بۆ خەبات. بۆیە هەموو پارتییەک بە تایبەتی و کوردستانییەکانیش دەبێت خەبات بکەنە میدالیایەک و بیدەن لە سنگی خۆیان، چونکە لە هەموو شێوەکانی قۆناخەکانی خەباتدا، خەبات خەبات بووە، خەباتکارانی کۆکردووەتەوە و رێگەی خەباتی پیشانداون. خەبات کاروانێکی دانەبڕوا بووە، سەری رێز و نەوازش بۆ ئەوانە دادەنوێنین کە ئەم سەروەتە گەورەیەیان بۆ ئێمە جێهێشتووە، دەستخۆشی لەونەی ئێستا دەکەین کە ئەمانەتەکەو کاروانەکەیان وەرگرتووە. بە دیدی من خەبات و پارتی تەواوکەری یەکدین”.

Back to top button