مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق دەکات

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە هراچیا پۆڵادیان باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان کۆماری ئەرمینیا و هەرێمی کوردستان لە گشت بوارەکان خرانە بەرباس. مەسرور بارزانی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و فەرهەنگی بەو شێوەیەی خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولا بکات بە گرینگ دانا. لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا تیشک خرایە سەر ئەو ستەمانەی بە درێژایی مێژوو لە هەردوو گەلی کوردستان و ئەرمینیا کرا و ئاماژە بە پەیوەندی و دۆستایەتیی مێژوویی نێوان ھەردوو گەل درا.

لەبەرامبەردا باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق، ئاواتی سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خواست و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستەکاندا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنی کابینەی نوێ دەربڕی و رایگەیاند، ئەرمینیا بە بایەخەوە دەڕوانێتە پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا.

 

Back to top button